ئەمشەو سەركردە سیاسییەكان لەماڵی جەعفەری كۆدەبنەوە
تۆڕی میدیایی رووداو زنیویەتی ئەمشەو زۆربەی سەركردە عێراقییەكان لە ماڵی ئیبراهیم جەعفەری كۆدەبنەوە بۆ تاوتوێكردنی پرسی راگەیاندنی باری نائاسایی لە عێراق و گەیشتنی لایەنە سیاسییەكان بە تەوافوقێك سەبارەت بە دانیشتەكەی سبەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بۆ تاوتوێكردنی داواكەی نووری مالیكی بۆ راگەیاندنی باری نائاسایی.
لە كۆبوونەوەكەی ماڵی جەعفەری، هەر یەك لە د.بەرهەم ساڵح، جێگری دووەمی سكرتێری گشتیی یەكێتیی نیشتمانی كوردستان و د.رۆژ نووری شاوێس، ئەندامی مەكتەبی سیاسی پارتی و جێگری سەرۆك وەزیرانی عێراق بەشداری دەكەن.
بەپێی زانیارییەكانی رووداو، لە لایەن جەعفەرییەوە نەوشیروان مستەفا، رێكخەری گشتیی بزووتنەوەی گۆڕان بە فەرمی بانگهێشتكراوە، بەڵام ناوبراو بەشداری كۆبوونەوەكە ناكات.
هەروەها ئیبراهیم جەعفەری پەیوەندی بە زۆربەی سەركردەكانی عێراقەوە كردووە، بۆ ئەوەی ئەمشەو بەشداری كۆبوونەوەكە بكەن كە بڕیارە نووری مالیكی و ئوسامە نوجەیفی بەشداری بكەن.
رووداو
