قایمقامی بێجی: شارۆچكەكەمان لە دەستی چەكداران سەندەوە
محەممەد مەحموود، قایمقامی شارۆچكەی بێجی سەر بە پارێزگای سەڵاحەددین تایبەت بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "بەهۆی كشانەوەی سوپا و پۆلیسی عێراق لە شارۆچكەكە چەكدارانی رێكخراوی داعش شەوی رابردوو دەستیان بەسەر شارۆچكەكەدا گرت و بنكەی پۆلیس و چەند فەرمانگەیەكی دیكەی حكومەتیان سووتاند".
گوتیشی "زۆری پێنەچوو پۆلیس و هێزەكانی سەر بە لیوای ١٤ی سوپای عێراق و هێزەكانی سەحوە هێزەكانیان لە بێجی كۆكردەوەو شارۆچكەكەیان لە دەستی چەكداران سەندەوەو ئێستا هەموو شارۆچكەی بێجی سەقامگیرەو هیچ چەكداری لێنەماوە".
قایمقامی شارۆچكەی بێجی راشیگەیاند "پاڵاوگەی نەوتیی بێجی ئێستا پارێزراوەو دەوام تێیدا ئاساییە".
ئەمە لەكاتێكدایە چەكدارانی داعش شاری موسڵی سەنتەری پارێزگای نەینەواو چەند ناوچەیەكی دەورووبەریان بە یەكجاری كۆنترۆڵكردووە، جگە لە چەند ناوچەیەكی پارێزگای سەڵاحەددین.
رووداو
