ئەنجوومەنی باڵای ئیسلامی عێراق: تیمی بەهێز گرنگە نەك زۆرینە

 ئەنجوومەنی باڵای ئیسلامی عێراق: تیمی بەهێز گرنگە نەك زۆرینە
ئەنجوومەنی باڵای ئیسلامی لە عێراق، كە عەمار حەكیم سەرۆكایەتی دەكات، پێشبینی دواكەوتنی پێكهێنانی حكومەتی داهاتووی عێراقی دەكات، پێشیوایە پێداگری دەوڵەتی یاسا لەسەر كاندیدكردنی نووری مالیكی، لە چوارچێوەی پەیڕەوی ناوخۆی هاوپەیمانی نیشتمانی شیعە چارەسەر دەكرێت, دەشڵێت تیمی بەهێز و گونجاو گرنگە نەك 50 + 1 .

حەمید مەعلە، سەركردە لە ئەنجوومەنی باڵای ئیسلامی رایگەیاند: "پرسی دیاریكردنی سەرۆكی حكومەتی داهاتووی عێراق، كە گرنگترین پرسە لە نێو پەیرەوی ناوخۆی هاوپەیمانی نیشتمانی شیعە، تاوەكو نووسینەوەو هەمواركردنەوەی پەیڕەوی ناوخۆ راگیراوە ".

حەمید مەعلە گوتیشی: "پێداگری دەوڵەتی یاسا لەسەر كاندیدكردنی مالیكی دەكرێت لە چوارچێوەی ئەو میكانیزمانە چارەسەر بكرێت، كە پەیڕەوی ناوخۆی هاوپەیمانی نیشتمانی دیارییان دەكات، ئێمەش ئەم پرسە لەسەرووی هەموو پرسێكەوە دانانێین، هەروەها بەلای ئەنجوومەنی باڵای ئیسلامییەوە تیمی بەهێز و گونجاو گرینگە نەك 50 + 1".

بەپێی ئەنجامەكانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، كە لە كۆتایی نیسانی رابردوو ئەنجامدرا، هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا زۆرترین كورسی پەرلەمانی بەدەستهێناوەو هەوڵی پێكهێنانی حكومەتی زۆرینەی سیاسی دەدات، لەكاتێكدا ركابەرە شیعەكانی دەوڵەتی یاسا بەتایبەتیش رەوتی سەدرو ئەنجوومەنی باڵای ئیسلامی هەوڵی پێكهێنان حكومەتی هاوبەشی نیشتیمانی دەدەن، هەروەها لەسەر كاراكردنی هاوپەیمانی نیشتمانیش رێككەوتون، كە نزیكەی 170 ئەندام لەخۆدەگرێت.










رووداو
Top