داعش چەند گەڕەکێک و زۆربەی رێگاکانی موسڵ کۆنترۆڵ دەکات

 داعش چەند گەڕەکێک و زۆربەی رێگاکانی موسڵ کۆنترۆڵ دەکات
رێکخراوی دەوڵەتی ئیسلامی لەعێراق و شام (داعش)، 2 گەڕەکی شاری موسڵ کۆنترۆڵ و خەڵکێکى زۆریش لە ترسی پێکدادانەکان هەڵاتوون.

یاسر هاشم، بەڕێوەبەرى ئاسایشی موسڵ رايگەیاند: "تاوەکو بەرەبەیانى ئەمرۆ لە گەڕەکەکانى یەرموک، 17ى تەمووز، قاهیرە و ئینتیسار، پێکدادان لەنێوان چەکدارانى داعش و هێزە ئەمنییەکان بەردەوام بووە تاوەکو ئێستاش درێژەى هەیە، هاوکات خەڵکێکى زۆریش لە ترسان هەڵاتوون و روویان لە ناوچە ئارامەکانى دیکەى شارى موسڵ کردوە، بەتایبەتى ناوچەى زومار".

هەروەها سەرچاوەیەکی ئەمنی دیکە لە شاری موسڵ رايگەیاند، کە چەکدارانی داعش هەردوو گەڕەکی (ئیسڵاح زڕاعی و بەوابەی شام)یان کۆنترۆڵ کردووە و دانیشتووانی ئەو دوو گەڕەکەش روویان لە ناحیەی بەرتللە کردووە.

یاسر هاشم گوتیشی: "چەکدارانى داعش دەستیان بەسەر شوقەکانى گەڕەکى یەرموکدا گرتووەو خەڵکەکەیان دەرکردووەو خۆیان تێدا قایم کردووە، هەورەها کوژراو و بریندارێکى زۆریش هەیە، بەڵام هێشتا زانیارى دروستمان لەبارەى قەبارەى زیانەکان بەدەست نەگەیشتووە".

بەڕێوەبەرى ئاسایشی مووسڵ دەشڵێت : " 80% رێگەكانى موسڵ ـ رەبیعە، موسڵ تەلەعفەر, موسڵ ـ بەغدا, موسڵ ـ تکریت لەژێر کۆنتڕۆڵى چەکدارانى داعشدایە، تەنانەت رێگەى موسڵ ـ گوێڕیش زۆر مەترسیدارە".

پێشتر سەعید مەموزینی، بەرپرسی لقی 14ـی پارتی دیمەکراتی کوردستان لە موسڵ، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، کە نزیکەی 1500 خێزانی کورد و عەرەب لە موسڵ، لە ترسی شەڕ و پێکدادانەکان روویان لە شارۆچکەی باشیک و هەرێمی کوردستان کردووە.

دوێنێش لەرووبەڕووبوونەوەیەکى چەکداری لەگەڕەکى(موزاریع)ى رۆژهەڵاتى شارى موسڵ، فەرماندەیەکى سەربازى رێکخراوى ،کە داڕێژەرى زۆربەى کردەوە چەکدارییەکانى شارى موسڵ بوو، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە کوژرا".

پارێزگاى نەینەوا بەردەوام کردەوەى تووندوتیژى بەخۆیەوە دەبینێ لە پەلامارى چەکدارى و تەقینەوەى بۆمبى چێنراو و ئۆتۆمبێلى بۆمبڕێژکراو، کە بەهۆیەوە تاوکو ئێستا چەندین کەس کوژراون و برینداربوونە.







رووداو
Top