چەند تەقینەوەیەك شارەكانی بەغدا، بابل، زیقار و نەجەف دەهەژێنن

 چەند تەقینەوەیەك شارەكانی بەغدا، بابل، زیقار و نەجەف دەهەژێنن
نووسینگەی وەزارەتی ناوخۆی عێراق رایگەیاند لە ئاكامی تەقینەوەی 3 ئۆتۆمبێلی بۆمبڕێژكراو و بۆمبێكی چێنراو لە شارەكانی بەغدا، نەجەف، بابل و زیقار ژمارەیەك كەس كوژران و برینداربوون.

نووسینگەی راگەیاندنی وەزارەتی ناوخۆی عێراق بە تۆڕی میدیایی روداوی راگەیاند: "لە ئاكامی تەقینەوەی بۆمبێكی چێنراو لە ناوەڕاستی شارۆچكەی تارمیەی باكووری شاری بەغدا كەسێك كوژراو كەسێكیش برینداربوو".

هەمان سەرچاوە گوتی: "تەقینەوەی ئۆتۆمبێلێكی بۆمبڕێژكراو لە نزیك بازاڕێكی میللی لە گەڕەكی حەی عەسكەری لە باكووری شاری نەجەف برینداربوونی 5 كەسی لێكەوتەوە".

هاوكات لە ئاكامی تەقینەوەی ئۆتۆمبێلێكی بۆمبڕێژكراو لە شارەدێی ئەسكەندەریە لە باكووری شاری بابل 3 كەس كوژران و 2 كەسی دیكەش برینداربوون. هەروەها تەقینەوەی ئۆتۆمبێلێكی دیكەی بۆمبڕێژكراو لە ناوچەی شامیە لە پارێزگای زیقار برینداربوونی 10 كەسی لێكەوتەوە.

لە ناوەڕاستی ساڵی رابردووەوە شاری بەغدا زۆرترین كردەوەی تووندوتیژی بەخۆیەوە دیوە، لەسەرەتای مانگی حوزەیرانی ساڵی 2014ش نێردەی نەتەوە یەكگرتووەكان لەعێراق (یۆنامی) دووپاتیكردەوە بەهۆی كردەوە تووندوتیژییەكانەوە تەنها لە ماوەی مانگی ئایاری ئەمساڵ 2900 كەس لە پارێزگاكانی عێراق كوژراون و برینداربوونە.








رووداو
Top