نوجێفی: چوونی پەرلەمانتارانی سوننە بۆ نێو دەوڵەتی یاسا كاریگەریی نابێت

 نوجێفی: چوونی پەرلەمانتارانی سوننە بۆ نێو دەوڵەتی یاسا كاریگەریی نابێت
سەرۆكی هاوپەیمانی موتەحیدون رایگەیاند چوونی پەرلەمانتارانی سوننە بۆ نێو هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا، كە نووری مالیكی سەرۆكایەتی دەكات هیچ كاریگەریی لەسەر هاوپەیمانی موتەحیدون و پێكهاتەی سوننە ناكات.

ئوسامە نوجێفی، سەرۆكی هاوپەیمانی موتەحیدون لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: "نووری مالیكی سەرۆك وەزیرانی عێراق هەوڵی زۆریداوە پەرلەمانتارانی سوننە بۆ نێو هاوپەیمانێتیەكەی رابكێشێت، بەڵام سەركەوتوو نەبووە".

ئوسامە نوجێفی گوتیشی: "ئەو ژمارانەی دەوڵەتی یاسا رایگەیاندووە كە ژمارەی كورسییەكانیان گەیشتووەتە 145 كورسی پەرلەمانی دوورە لەراستییەوە، چونكە كاتێك ئەم ژمارەیان راگەیاند پێیانوابوو ئەندامانی یەكێتی هێزە نیشتمانییەكان پشتگیرییان دەكەن، بەڵام بەهەڵەداچووبوون".

نوجێفی ئاماژەی بەوەشدا: "لەوانەیە 4 تاوەكو 5 فراكسیۆنی بچووكی سوننە پەیوەندییان لەگەڵ دەوڵەتی یاسا هەبێت، بەڵام هێزە سیاسیە سوننە سەرەكییەكان هێشتا لەژێر باڵی هاوپەیمانی موتەحیدوندان".

بەها جەمالەدین، پەرلەمانتاری دەوڵەتی یاسا لە لێدوانێكیدا بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ژمارەی كورسییەكانی دەوڵەتی یاسا گەیشتووەتە 130 كورسی بەبێ ئەوەی ناوی هیچ لەو هاوپەیمانێتی و كاندیدانە ئاشكرا بكات كە چوونەتە ریزی دەوڵەتی یاسا.








رووداو
Top