٦٠٠ هەزار قوتابی لە تاقیكردنەوەی كۆتایی ساڵ بەشداری دەکەن
سەلامە حەسەن، وتەبێژی فەرمی وەزارەتی پەروەردەی عێراق لە بەیاننامەیەک دا ڕایگەیاند: وەزارەتی پەروەردەی عیراق پلانێکی تۆکمەی بۆ بەڕێوەچوونی تاقیکردنەوەکانی پۆلە کۆتاییەکانی خوێندن(پۆلی سێی ناوەندی و شەشەمی ئامادەیی) لەسەرجەم پارێزگاكانی عێراق داناوە.
بە گووتەی وتەبێژی فەرمی وەزارەتی پەروەردەی عێراق؛ ٦٠٠ هەزار قوتابی لە تاقیکردنەوەکانی پۆلە کۆتاییەکان لەسەرجەم پارێزگاكانی عێراق بەپارێزگای ئەنبارەوە بەشداری دەکەن کە لەو ڕێژەیە ٢٥٥ هەزار قوتابی پۆلی شەشەمی ئامادەیین و ٣٤٥ هەزار قوتابی پۆلی سێیەمی ناوەندین.
سەلامە حەسەن سەبارەت بە چۆنییەتی بەڕێوەچوونی تاقیکردنەوەکان لە پارێزگای ئەنبار گووتی: پارێزگای ئەنبار كراوە بەدوو بەش؛ لە بەشیكی وەک ناوچەكانی خالدیە، فەلوجە و رومادی کە بارودۆخی ئەمنی ناجێگیرە، تاقیكردنەوەكان دواخراوە و قوتابیانی پۆلی شەشی ئامادەیی ئەو ناوچانە لە ٥/٨/٢٠١٤ و قوتابیانی پۆلی سێی ناوەندی لە ١٦/٨/٢٠١٤ تاقیکردنەوەکانیان دەکەن.
وتەبێژی فەرمی وەزارەتی پەروەردەی عێراق رایگەیاند؛ ئەو بڕیارە ئەو قوتابیانەش دەگرێتەوە بۆ پارێزگاكانی دیكە كۆچیان كردووە.
هەروەها سەبارەت بەو ناوچانەی بارودۆخی ئەمنیان جێگیرە، ئەمرۆ یەك شەممە تاقیكردنەوەكان دەست پێدەکات.
