وەزارەتی ناوخۆ: داعش لە ناوچەكانی دەورووبەری بەغدایە

 وەزارەتی ناوخۆ: داعش لە ناوچەكانی دەورووبەری بەغدایە
وەزارەتی ناوخۆی عێراق رایگەیاند، چەكدارانی رێكخراوی دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام (داعش)، لە ناوچەكانی پشتێنەی بەغدا ناوبەناو بوونیان هەیە، بەڵام بوونی ئەو چەكدارانە لەو ناوچانە هیچ كاریگەری نییە.

سەعد مەعن، گوتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی رایگەیاند: "چەكدارانی داعش لە ناوچەكانی پشتێنەی بەغدا ناوبەناو بوونیان هەیە، بەڵام بوونی ئەو چەكدارانە لەو ناوچانە هیچ كاریگەری نییە، چونكە ئەوان هیچ ناوچەیەكیان لە دەورووبەری بەغدا كۆنترۆڵ نەكردووە و ژمارەشیان زۆر كەمە".

سەعد مەعن گوتیشی "چەكدارانی داعش ناتوانن بۆ نێو بەغدا دزە بكەن وەك هەندێك كەس پێیوایەو سوپای عێراق بەردەوام رووبەڕووی چەكدارانی تووندڕە و لەو ناوچانە و ناوچەكانی نزیك فەللوجەو سێگۆشەی جورفولسەخر لەنێوان بەغداو پارێزگاكانی بابل و ئەنبار دەبێتەوە".

گوتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی عێراق راشیگەیاند، "سوپای عێراق تا ئێستا هێرشی گشتگیری بۆ سەر فەللوجە دەستپێنەكردووەو ئەوەی روودەدات تەنها پێكدادانی ناوبەناوە لە نێوان سوپاو چەكدارانی داعش لە دەورووبەری شارۆچكەكە".

ئەم لێدوانەی وەزارەتی ناوخۆی عێراق لەكاتێكدایە لە سەرەتای ساڵی 2014ـەوە چەكدارانی تووندڕەو دەستیان بەسەر شارۆچكەی فەللوجە لە پارێزگای ئەنباری رۆژئاوای عێراقدا گرتووە. فەللوجە تەنها 60 كیلۆمەتر لە بەغدای پایتەختی عێراقەوە دوورە.










رووداو
Top