نوجێفی و عەلاوی و موتەڵەگ رێکدەکەون

 نوجێفی و عەلاوی و موتەڵەگ رێکدەکەون
سەرکردەکانی هاوپەیمانی موتەحیدون و وەتەنییە و عەرەبیە رێککەوتن کە لە قۆناغی ئێستای عێراقدا وەکو یەک تیمی هاوبەش پێکەوە کاربکەن.

ئەمڕۆ دووشەممە، ئوسامە نوجەیفی، سه‌رۆکی هاوپەیمانی موته‌حیدون، ئەیاد عەللاوی، سەرۆکی هاوپەیمانی وه‌ته‌نییه‌ و ساڵح موتڵەگ، سەرۆکی هاوپەیمانی عه‌ره‌بییه‌‌ کە سێ لایەنی سەرەکی پێکهاتەی سوننەن لە عێراق كۆبوونەوە.

دوای كۆبوونەوەكە لەبەیاننامەیەکی هاوبەشدا رایانگەیاند، كە لە کۆبونەوەی ئەمڕۆیاندا ئەنجامی هەڵبژاردنی خولی سێیەمی پەرلەمانی عێراق، پێشێلکارییەکانی نێو پڕۆسەکە، رەوشی ئەمنی و سیاسی عێراق بەگشتی، رەوشی هەردوو پارێزگای ئەنبارو دیالەو ناوچەی پشتێنەی بەغداو ئەو ستەمەی دەرحەق بە دانیشتوانی ئەو ناوچانە دەکرێت تاوتوێکردووە.سەرەڕای رەوشی وڵاتانی دەروبەرو نێودەوڵەتی و کاریگەریان لەسەر داهاتووی پرۆسەی سیاسی عێراق.

بە پێی بەیاننامەکە، لە کۆتایی کۆبوونەوەکەدا هەرسێ لایەنەکە رێککەوتن لە قۆناغی ئێستای عێراقدا وەک یەک تیمی یەکگرتوو پێکەوە کاربکەن و بڕیاریشیان داوه‌ لیژنه‌ی تایبه‌ت پێکبهێنن بۆ کارکردنی هاوبه‌ش و فراوانکردنی هاوپه‌یمانێتییه‌که‌یان.




رووداو
Top