پارێزگاری نەینەوا: سەدام بەقەد مالیکی بە کورد نەکردووە

 پارێزگاری نەینەوا: سەدام بەقەد مالیکی بە کورد نەکردووە
پارێزگاری نەینەوا، "سیاسەتی خراپی بەغدا" لە دابەشکردنی سامانەکانی عێراق بە هۆکاری ئەوە دەزانێ کە کوردستان نەوت بفرۆشێت و دەشڵی "ئەوەی مالیکی بەکوردی کردووە پێش رووخانی سەدام بەکورد نەکراوە".

ئەسیل نوجێفی، پارێزگاری نەینەوا، لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند "هەناردەکردن و فرۆشتنی نەوت لەلایەن هەرێمی کوردستان نیشانەی خراپی سیاسەتی نەوتی عێراق و ناسەرکەوتوویی حکومەتی عێراقە لە دابەشکردنی سامانەکانی عێراق".

نوجێفی لە بەیاننامەکەیدا، کە ئەمڕۆ یەکشەممە بڵاویکردووەتەوە، ماف دەداتە کورد لە هەناردەکردن و فرۆشتنی نەوت و تێیدا هاتووە "کاتێک عێراقییەکان هەست بکەن زوڵمیان لێدەکرێت و مافیان دەخورێت ناچارن پەنا ببەنە بەر هەر رێگایەک بۆ سوود وەرگرتن لە سامانەکانی وڵاتەکەیان"، هەروەها هێرشدەکاتە سەر مالیکی و دەڵێت "نەخاسمە کە بڕیار لەدەست کەسێک بێت نەزانێت لێکدانەوە بۆ ئەنجامی بڕیارەکانی بکات و پابەند نەبێت بە چۆنێتی دەوڵەتداریکردن".

نوجێفی پێیوایە ئەوەی مالیکی بە کوردی کردووە لەبابەتی بڕینی مووچە و بژێوی خەڵک، بەرلە 2003 و رووخانی سەدام لە عێراق رووینەداوە و دەڵێت "چەندین جار بارودۆخی نێوانی کورد و حکومەتی عێراق گەیشتووەتە شەڕی خوێناوی بەر لە ساڵی 2003، بەڵام تەنانەت بۆ یەکجاریش مووچەی فەرمانبەرانی کورد نەبڕدراوە، چونکە مووچە رایەڵەی پێکەوە گرێدانی حکومەتە لەگەڵ کارمەندانی خۆی".







رووداو
Top