ئەسیل نوجێفی: هاوپەیمانیی نیشتمانی، پێكەوەژیانی لەگەڵ كورد و سوننەدا ناوێت

 ئەسیل نوجێفی: هاوپەیمانیی نیشتمانی، پێكەوەژیانی لەگەڵ كورد و سوننەدا ناوێت
سەركردە لە لیستی موتەحیدوون بۆ چاكسازی، ئەسیل نوجێفی، ئاشكرای دەكات كە ئەگەر مالیكی سوور بێ لەسەر پۆستی سەرۆكوەزیران و هاوكات لایەنەكانی دیكەی هاوپەیمانیی نیشتمانییش بەرپەرچی نەدەنەوە، ئەوا هاوپەیمانیی نیشتمانی نامەیەكی روونی داوەتە كورد و سوننە كە پێكەوەژیانیان ناوێت.

ئەسیل نوجێفی لە بەیاننامەیەكدا كە لە پێگەی خۆی لە فەیسبووك بڵاوی كردووەتەوە، رایگەیاند كە هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا سوورە لەسەر كاندیدكردنەوەی نووری مالیكی بۆ ویلایەتی سێیەم، بۆیە ئەمە نامەیەكی روون و ئاشكرایە بۆ پێكهاتەی سوننە و كورد بەوەی كە پێكەوەژیانیان ناوێت.

نوجێفی ئەوەش دەخاتە روو كە دەرئەنجامی هەڵبژاردن ئاماژە بەوەش دەكات كە ئاڕاستەی نیشتمانی كەمترن لە بەرامبەر ئاپۆرای مەزهەبی، بۆیە پێویستە مامەڵە لەگەڵ واقیع بكەین و لە خەیاڵدا نەژین.

ئەو هەروەها پێیشی وایە كە ئەوان تەنیا بە پێكهێنانی هەرێمێكی خاوەن دەسەڵات دەتوانن پارێزگاری لە كەرامەت و خوێنی لاوەكانیان بكەن.
Top