ئیئتیلافی عەرەبییە و لیستی مواتن ئەنجامەكانی هەڵبژاردن رەت دەكەنەوە
لەو بارەیەوە پەرلەمانتاری سەر بە ئیئتیلافی عەرەبییە رەعد دەهلكی، لە لێدوانێكدا بۆ سۆمەرییە نیوز رایگەیاند كە ژمارەی ئەو كورسیانەی ئیئتیلافەكەیان لە هەڵبژاردنی ئەم دواییەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێَراقدا بەدەستی هێناوە، لە ئاستی خواستەكانیاندا نییە.
دەهلكی ئاماژەیشی دا كە ئەو ئەنجامە خراپەش بە هۆی گوشار و كۆچپێكردن و هەڵمەتەكانی دەستگیركردنەوە بووە كە لە لایەن حكوومەتەوە لە هەندێك ناوچەدا ئەنجام دراوە، سەرەڕای ژێرئاوكەوتنی دەوروبەری شاری بەغدا.
روونیشی كردەوە كە ناڕەزایی توندیان لەسەر ئەنجامی هەڵبژاردن هەیە و پەنا دەبەنە بەر دادگا و لیژنە نێودەوڵەتییەكان بۆ راستكردنەوەی مافی پێكهاتەی سوننە، چونكە ناكرێت نوێنەرانەیەتیی ئەو پێكهاتەیە لە بەغدای پایتەخت لەو ئاستەدا بێت.
لەلایەن خۆیەوە لیستی مواتن رەتی كردەوە كە هیچ كاندیدێكیان بۆ پۆستی سەرۆكوەزیران لە نێو كوتلەكانی هاوپەیمانیی نیشتمانی بسەپێنرێت و دووپاتیشی كردەوە كە ناكرێ هاوپەیمانیی نیشتمانی لە تەنیا یەك كەسدا كورت بكرێتەوە، بەڵكوو چەندان كەسی شیاو و بەتوانای هەیە.
لەو بارەوە ئەندامی لیستی مواتن عەلی شەبر، لە لێدوانێكیدا رایگەیاند كە هاوپەیمانیی نیشتمانی دەمێنێتەوە، بەڵام بە بێ بوونی مەرجی پێشوەخت لە لایەن هیچ كەس و لایەنێكەوە. جەختیشی كردەوە كە تەواوی لایەنەكانی نێو هاوپەیمانیی نیشتمانی مافی ئەوەیان هەیە كە كاندید بۆ پۆستی سەرۆكوەزیران پێشكەشك بكەن.
شەبر گوتیشی كە هاوپەیمانیی نیشتمانی لیژنەیەكی بۆ دانانی ستراتیژییەتێكی نوێ بە گوێرەی دیدگایەكی تازە بۆ قۆناغی داهاتوو دامەزراندووە و هەروەك پێویستیشە هەیكەلییەتی هاوپەیمانیی نیشتمانی جارێكی تر رێك بخرێتەوە.
