پاسپۆرتی‌ عیراقی‌ ده‌گۆڕدرێت

پاسپۆرتی‌ عیراقی‌ ده‌گۆڕدرێت
به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی‌ گشتی‌ ره‌گه‌زنامه‌ی‌ عیراق ئاشكرای‌ كه‌ رێكخراوی‌ نێوده‌وڵه‌تی‌ فڕۆكه‌وانی‌ مه‌ده‌نی‌، ناوه‌ڕاستی‌ ساڵی‌ داهاتووی‌ وه‌ك دواواده‌ بۆ هه‌موو وڵاتان له‌نێویاندا عیراق بۆ كاركردن به‌ پاسپۆرتی‌ میكانیكی‌ دیاریكردووه‌، جه‌ختیشی‌ له‌وه‌ كرده‌وه‌ كه‌ له‌وبه‌رواره‌ به‌دواوه‌ عیراق كار به‌ پاسپۆرتی‌ ئه‌لیكترۆنی‌ ده‌كات.

ئه‌مڕۆ عه‌بدولڕه‌زاق ئه‌لیاسری‌ به‌ڕێوه‌به‌ری‌ به‌ڕێوه‌به‌رێتی‌ گشتی‌ ره‌گه‌زنامه‌ی‌ عیراق وتی‌: "رێكخراوی‌ نێوده‌وڵه‌تی‌ فڕۆكه‌وانی‌ مه‌ده‌نی‌ ناوه‌ڕاستی‌ ساڵی‌ 2015ی‌ وه‌ك دواواده‌ بۆ كاركردن به‌ پاسپۆرتی‌ میكانیكی‌ دیاریكردووه‌ كه‌ عیراق كار به‌وجۆره‌ پاسپۆرته‌ ده‌كات".
به‌ڕێوه‌به‌ری‌ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی‌ گشتی‌ ره‌گه‌زنامه‌ی‌ عیراق ئاشكرای‌ كرد كه‌ له‌و به‌رواره‌ به‌دواوه‌ له‌ عیراقدا كار به‌ پاسپۆرتی‌ ئه‌لیكترۆنی‌ ده‌كرێت كه‌ له‌ ئێستادا زۆربه‌ی‌ وڵاتان كاری‌ پێده‌كه‌ن.

عه‌بدولڕه‌زاق ئه‌لیاسری‌ وتیشی‌: "پاسپۆرتی‌ ئه‌لیكترۆنی‌ به‌ یه‌كێك له‌و پاسپۆرتانه‌ داده‌نرێت كه‌ به‌ئاسانی‌ ساخته‌ ناكرێت و تایبه‌تمه‌ندی‌ ئه‌منی‌ باشی‌ هه‌یه‌".

ئاشكراشیكرد كه‌ حكومه‌تی‌ عیراق وه‌فدێك پێكده‌هێنێت بۆ سه‌ردانكردنی‌ ئه‌و كۆمپانیایه‌ی‌ پسپۆڕه‌ له‌ دروستكردنی‌ ئه‌و جۆره‌ پاسپۆرته‌ بۆ گرتنه‌به‌ری‌ رێوشوێنی‌ پێویست و ئیمزاكردنی‌ گرێبه‌ستێك بۆ كاركردن به‌و سیستمه‌ له‌ عیراقدا.

هاوكات به‌ڕێوه‌به‌ری‌ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی‌ گشتی‌ ره‌گه‌زنامه‌ی‌ عیراق روونیكرده‌وه‌ كه‌ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌كه‌یان كار ده‌كات بۆ ئه‌وه‌ی‌ ده‌روازه‌ سنوورییه‌كانی‌ عیراق بكرێن به‌ ده‌روازه‌ی‌ ئه‌لیكترۆنی‌ و به‌ ڤیزای‌ ئه‌لیكترۆنی‌ كاریان تێدا بكرێت.









خه‌ندان
Top