وەزارەتی بەرگری عێراق: سوپا سنوورەکانی فەللـوجەی کۆنتڕۆڵکردووە

 وەزارەتی بەرگری عێراق: سوپا سنوورەکانی فەللـوجەی کۆنتڕۆڵکردووە
وەزارەتی بەرگری عێراق رایگەیاند، سوپای عێراقی تەواوی سنوورەکانی دەورووبەری شارۆچکەی فەللـوجەی کۆنترۆڵکردووە، هاوکات پردی (ئەلموەزەفین)یش لەژێر دەسەڵاتی سوپادایە.

وەزارەتی بەرگری عێراق لەبەیاننامەیەکدا رایگەیاند: "هێزە چەکدارەکانی عێراق ناوچەکانی دەورووبەری شارۆچکەی فەللـوجەیان کۆنترٍۆڵکردووە، ئێستا یەکە سەربازییەکانی سوپای عێراق لە ناوچەکانی مەتیرییە، سەناعە و سجر بڵاوکراونەتەوە، هەروەها سوپای عێراق لە پێشڕەویدایه بۆ کۆنتڕۆڵکردنی تەواوی شارۆچکەکەو دەرکردنی چەکدارانی داعش".

پێشتر عەدنان مەشعەل، سەرکردەی گۆڕەپانەکانی خۆپیشاندەرانی پارێزگای ئەنبار بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: " لەماوەی چەند رۆژی رابردوو سوپای عێراق چەندین هێرشی بۆ سەر شارۆچکەی فەللـوجە ئەنجامداوە، بەڵام شکستی هێناوەو نەیتوانیوە پێشڕەوی بکات".

بە مەبەستی دەرکردنی چەکدارانی رێکخراوی دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام (داعش)، حکومەتی عێراق ئۆپەراسیۆنێکی سەربازی فراوانی بە درێژایی سنووری پارێزگای ئەنبار دەستپێکردووەو بەهۆیەوە دەیەها هەزار خێزان ئاوارە بوونەو روویان لە ناوچە ئارامەکانی دیکەی عێراق کردووە.





هەولێر
Top