عەللاوی: كورد متمانەی بە حكومەتی عێراق نییە

 عەللاوی: كورد متمانەی بە حكومەتی عێراق نییە
ئەیاد عەللاوی رایدەگەیەنێ، سووربوونی كورد لەسەر وەرگرتنی پۆستی سەرۆك كۆمار بۆ متمانەنەبوونیان بە حكومەتی عێراق دەگەڕێتەوە.

ئەیاد عەللاوی، سەرۆك وەزیرانی پێشووتری عێراق و سەرۆكی هاوپەیمانی وەتەنییە لە هەڤپەیڤینێكدا لەگەڵ ماڵپەڕی (ئیلاف) رایگەیاند "پێكهێنانی حكومەتی داهاتووی عێراق لەسەر بنەمای پێكهاتەیی یان زۆرینەی سیاسی رەتدەكەمەوە و رێگە بەخۆم نادەم ببمە یاری دەستی ئێران بۆ بەدەستهێنانی پۆستی سەرۆك وەزیرانی عێراق".

ئەیاد عەللاوی گوتیشی "دژی دابەشكردنی پۆستی سێ سەرۆكایەتییەكەی عێراقم لەسەر بنەمای تایەفەگەری و دەبێ ئەو دابەشكارییە كۆتایی پێبێت، بەڕای منیش سووربوونی كورد لەسەر وەرگرتنی پۆستی سەرۆك كۆمار لە متمانەنەبوونیان بە حكومەتە یەك لەدوای یەكەكانی عێراق سەرچاوەی گرتووە".

عەللاوی هاوكات هۆكارەكانی دیكەی سووربوونی كورد لەسەر وەرگرتنی پۆستی سەرۆك كۆماری بۆ دەرنەكردنی چەند یاسایەكی پێویست وەك یاسای نەوت و غازو دابەشكردنی دادپەروەرانەی سامانی عێراق گەڕاندەوە.

سەرۆكی هاوپەیمانی وەتەنییە جەختیشی كردەوە "پێویستە حكومەتی داهاتوو لەسەر بنەمای هاوبەشی نیشتمانی راستەقینە پێكبهێنرێ، جگە لەوەی تێبینی زۆر لەسەر شێوازی بەڕێوەچوونی پرۆسەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی داهاتوو و بێگەردی ئەو هەڵبژاردنە هەیە".

ئەیاد عەللاوی راشیگەیاند "نووری مالیكی بەزەبری دەسەڵات و پەراوێزخستنی ركابەرانی دەنگی هاووڵاتیان بەدەستدێنێ و ئەنجامی هەڵبژاردنەكانی عێراق رەنگدانەوەی خواست و ویستی هاووڵاتیان نییە".

عەللاوی زیاتر گوتیشی "پێش ماوەیەكی كەم لە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن خەڵكێكی زۆر لە چەند شوێنێكی هەستیار لە كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكان دامەزرێنران، زۆربەی ئەو خەڵكەش سەر بە حیزبی دەسەڵات بوون لە عێراق، جگە لە پێشێلكارییەكانی هەڵبژاردن".





رووداو
Top