نوجەیفی و ئەمریكا پرسی پەیوندییەكانی هەولێرو بەغدا تاوتوێ دەكەن

 نوجەیفی و ئەمریكا پرسی پەیوندییەكانی هەولێرو بەغدا تاوتوێ دەكەن
ئوسامە نوجەیفی، سەرۆكی پەرلەمانی عێراق جەختدەكاتەوە كە ئەوان لە دژی پێكهێنانی حكومەتی زۆرینەی سیاسین لە عێراق. ئاماژەی بەوەشكرد پرسی بودجەی فیدراڵی و پەیوەندییەكانی هەولێرو بەغدایان لەگەڵ یاریدەدەری بریكاری وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا تاوتوێ كردووە.

نووسینگەی ئوسامە نوجەیفی، سەرۆكی هاوپەیمانی موتەحیدون، كە دیارترین لایەنی سیاسیی سوننەیە لە عێراق لە بەیاننامەیەكدا رایگەیاند:"وەك هاوپەیمانی موتەحیدون بۆ چاكسازی دژی پێكهێنانی حكومەتی زۆرینەی سیاسین لە عێراق، بەڵكو داوای پێكهێنانی حكومەتی شەراكەتی نیشتمانی دەكەین بە بەشداری هەموو پێكهاتەو لایەنەكان، بۆ ئەوەی توانای بەدیهێنانی هیواكانی گەلی عێراقی هەبێ".

ئوسامە نوجەیفی گوتیشی "لە دیدارێكدا پرسی بودجەی فیدراڵی و پەیوەندییەكانی نێوان هەولێرو بەغداو پێشهاتە سیاسییەكانی عێراق ئەنجامی هەڵبژاردنی پەرلەمانی داهاتوومان لەگەڵ بێرت مكێرك، یاریدەدەری بریكاری وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا تاوتوێ كرد".

ئەمە لەكاتێكدایە ماوەی چەند مانگێكە پرۆژە یاسای بودجەی فیدراڵی ساڵی 2014 بەهۆی ناكۆكییەكانی نێوان حكومەتی هەرێمی كوردستان و حكومەتی عێراق لەسەر میكانیزمی هەناردەكردنی نەوتی كوردستان و خەرجكردنی داهاتی ئەو نەوتە لە پەرلەمان چەقی بەستووە.







رووداو
Top