مەشهەدانی: لە قۆناغی داهاتوودا داوای پۆستی سەرۆك كۆمار دەكەین
مەحموود مەشهەدانی، سەركردە لە هاوپەیمانی فراكسیۆنی وەتەنییەی عێراقی لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: "لەقۆناغی داهاتوو هەوڵی بەدەستهێنانی پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق دەدەین، چونكە عێراق ئەندامی دامەزرێنەری كۆمكاری عەرەبییە، بۆیە ئەو كەسەی نوێنەرایەتی عێراق دەكات دەبێ عەرەب بێت".
مەشهەدانی گوتیشی: "پڕۆسەی دیموكراتی هیچ كێشەیەكی نییە، بەڵام كێشە لەنێوان نووری مالیكی سەرۆك وەزیران و فراكسیۆنەكانی دیكە هەیە، هەروەها بەپێی بەشبەشێنەی سیاسی كە دوای رووخانی رژێمی بەعس لەلایەن هێزەكانی ئەمریكا لە ساڵی 2003 هێزە سیاسییەكانی عێراق لەسەری رێككەوتوون دروستەو بە سازان لە نێوان پێكهاتەكانی عێراق پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق بەر كورد كەوتووە و پۆستی سەرۆكی حكومەت بەر شیعە و سەرۆكی پەرلەمانیش بەر سوننە كەوتووە، ئەمەش یاسا نییە تاوەكو پێیەوە پابەندبین".
هەروەها لە پێناو كۆتاییهێنان بە تووندوتیژی و میلیشیای چەكدار سەرۆكی پێشووی پەرلەمانی عێراق داوای پێكهێنانی هاوپەیمانێتییەكی شیعی ـ سوننی كرد لە قۆناغی داهاتوو.
مەحموود مەشهەدانی دامەزرێنەری ئەنجوومەنی دیالۆگی نیشتیمانییەو لە نێوان ساڵانی 2006 ــ 2008 سەرۆكی پەرلەمانی عێراق بووە.
رووداو
