ئۆپەراسیۆنەكانی بەغدا كوژرانی 11 چەكداری داعشی راگەیاند

 ئۆپەراسیۆنەكانی بەغدا كوژرانی 11 چەكداری داعشی راگەیاند
فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەكانی بەغدا كوژرانی 11 چەكداری رێكخراوی دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام (داعش)و تێكشكاندنی دوو ئۆتۆمبێلی سەربە رێكخراوەكەی لە ناوچەكانی باكوور و رۆژئاوای شاری بەغدا راگەیاند.

فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەكانی بەغدا لە بەیاننامەیەكدا رایگەیاند: "دوای رووبەڕووبوونەوەمان لەگەڵ چەكدارانی داعش لە ناوچەكانی هۆڕە، تابی و تەل تاسەی باكوور و رۆژئاوای شاری بەغدا، هێزێكی سەربازی سەربە لیوای (22)ی سوپای عێراقی لە هەڵمەتێكی سەربازیدا توانییان 11 چەكداری سەربە رێكخراوی داعش بكوژن".

بەیاننامەکەی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی بەغدا ئاماژەی بەوەشداوە، کە توانیویانە دوو ئۆتۆمبێلی داعش تێکبشکێنن و 8 بۆمبی چێنراویش پوچەڵبکەنەوە، وێرای دەستبەسەرداگرتنی بڕێك چەك و تەقەمەنی.

لەلایەكی دیكەوە هێزێكی سەربە فەوجی یەكی لیوای (60)ی سوپای عێراق، لە ناوچەی رفوشی رۆژئاوای شاری بەغدا ئۆتۆمبێلێكی پڕ لە چەكدارانی داعشیان تێكشکاندوەو سەرجەم چەكدارەكانیش كوژراون.

لە ناوەڕاستی ساڵی 2013 ەوە گروپە چەكدارەكان چالاكییەكانیان لە شاری بەغدا چڕكردووەتەوە.
لە سەرەتای مانگی كانوونی دووەمی رابردووش نێردەی نەتەوە یەكگرتوەكان لە عێراق رایگەیاند، بەهۆی كردەوە تووندوتیژییەكانەوە تەنها لە ساڵی 2013 نزیكەی 7818 كەس كوژراون و 17981 كەسیش برینداربوونە.







رووداو
Top