سەدر: فشاری ئێرانم لەسەر نییە

 سەدر: فشاری ئێرانم لەسەر نییە
رابەری رەوتی سەدر رەتیدەكاتەوە ئێران فشاری خستبێتە سەر بۆ ئەوەی بگەڕێتەوە گۆڕەپانی سیاسی و بەڵێنیش دەدات لە نزیكەوە چاودێری كاندیدەكان بكات بە كاندیدەكانی رەوتەكەشیەوە.

موقتەدا سەدر، رابەری رەوتی سەدر لەبەیاننامەیەكدا جەختدەكاتەوە، كە كۆماری ئیسلامی ئێران هیچ فشارێكی خەخستووەتە سەر بۆ ئەوەی بگەڕێتەوە گۆڕەپانی سیاسی، یان پشتگیری سێبارە كاندیدكردنەوەی مالیكی بكات.

لە بەیاننامەكەدا سەدر دەڵێت "بە شێوەیەكی گشتی ناگەڕێمەوە نێو سیاسەت وەكو لایەنێك یان فراكیسیۆنێك، بەڵكو زیاتر ئامانجم خزمەتكردنی هەژاران و ستەملێكراوان و ئابڕووبردنی دیكتاتۆرە".

رابەری رەوتی سەدر بەڵێندەدات لە نزیكەوە چاودێری كاندیدەكان بكات بە كاندیدانی رەوتەكەشیەوە، "ئەمەش مانای ئەوە نییە دژیان بوەستم، چونكە تیایاندا هەیە گەندەڵی ئاشكراكردووە و رووبەڕووی داگیركارو دیكتاتۆرو رێككەوتنەكانیان وەستاوەتەوە".

هەروەها رەخنەش لە بە سیاسیكردنی گوتاری ئاینی دەگرێت و دەڵێت "گوتاری ئایینی بۆ وشیاركردنەوە و چاكسازی و هیدایەتە نەك كاری سیاسی". داواشی لە هەوادارانی دەكات بەهیچ شێوەیەك چەك هەڵنەگرن.

سەبارەت بە لێدوانی كەڕاڕ خەفاجی، سەركردە لە رەوتی سەدر لە بارەی بەدەستهێنانی 70 كورسی لە هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمان و دانانی سەرۆك وەزیرانی داهاتوو لە رەوتەكەیان، رابەری رەوتی سەدر دەڵێت "ئەوەی لەگەڵ خودا بێت، خوداش لەگەڵی دەبێت، هاوكات خودا لەگەڵ هەموو ئەو كەسانەشە كە خزمەتی گەل و وڵات دەكەن".








رووداو
Top