بۆمبێكی چێنراو بە كاروانی پاسەوانەكانی نوجەیفی تەقییەوە
ئایدن حیلمی ئاقسۆ، راوێژكاری رۆژنامەوانی ئوسامە نوجەیفی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "بۆمبێكی چێنراو ئەمڕۆ لە ناوچەیەكی نێوان شارۆچكەی داقوق و شاری كەركووك بە كاروانی ئۆتۆمبێلی پاسەوانەكانی ئوسامە نوجەیفی، سەرۆكی پەرلەمانی عێراق تەقیەوە، بەبێ ئەوەی زیانی گیانی لێبكەوێتەوە. لەوكاتەشدا نوجەیفی لە نێو ئەو كاروانە نەبوو".
ئایدن حیلمی گوتیشی، "كاروانی ئۆتۆمبێلی پاسەوانەكانی ئوسامە نوجەیفی بەنیازبوون سەردانی شارۆچكەی حەویجە (55 كلم لە باشووری شاری كەركووك) بكەن لە چوارچیوەی بانگەشەی هەڵبژاردن".
پێشتر و لە 10.2.2014، ئوسامە نوجەیفی لە ناوچەیەكی رۆژهەڵاتی شاری موسڵ لە پارێزگای نەینەوا بە رێگەی تەقاندنەوەی بۆمبێكی چێندراو رووبەڕووی هەوڵیکی کوشتن بووەوە، بەڵام هەوڵەكە شكستیهێنا.
بەپێی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، بڕیارە 30.4.2014، هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بەڕێوەبچێت.
رووداو
