سیستانی: لە هیچ بەرپرسێکی عێراقی رازی نیم

 سیستانی: لە هیچ بەرپرسێکی عێراقی رازی نیم
عەلی سیستانی، گەورە مەرجەعی شیعە لە عێراق لێدوانێكی نووری مالیكی، سەرۆك وەزیرانی عێراق لەبارەی دیداری خۆی و سیستانی پێش چوار ساڵ بە درۆ خستەوەو رایگەیاند، لە هەڵسوكەوتی هیچ بەرپرسێکی عێراق رازینیم.

نووسینگەی عەلی سیستانی لە بەیاننامەیەكدا رایگەیاند: "مەرجەعی سیستانی چاوی بە هیچ بەرپرسێكی باڵای عێراق نەكەوتووەو سیستانی رازی نییە لەسەر هەڵسوكەوتی هیچ بەرپرسێکی عێراق و پشتگیری هیچ كامیان ناكات لە هەڵبژاردنەكان".

ئەم لەكاتێكدایە لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبووک گرتەیەكی ڤیدیۆیی نوری مالیكی بڵاوبووەتەوە تێیدا بۆ كۆمەڵێك لە سەرۆك هۆزەكانی عێراق باس لە دیداری خۆی و عەلی سیستانی لە چوار ساڵ لەمەوبەر لە نەجەف دەكات و گوایە مالیكی گلەیی لە هەڵوێست و سیاسەتی شەریكانی لە پرۆسەی سیاسی عێراق كردووە بۆ سیستانی و ئەویش لە وەڵامدا گوتوویەتی، "منیش بێبەش نەبوومە لە خراپییان".

ئەمە لەكاتێكدایە هەموو لایەنە سیاسییە شیعەكانی عێراق لەگەڵ نزیكبوونەوەی وادەی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی داهاتووی عێراق، كە بڕیارە لە 30ـی ئەم مانگە بەڕێوەبچێ، لە هەوڵی بەدەستهێنانی پشتگیری مەرجەعییەتی شیعەن بۆ مسۆگەركردنی دەنگی دەنگدەرانی شیعە.










رووداو
Top