لیژنەیەکی نوێ بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی هەولێر و بەغدا پێکدەهێنرێ

 لیژنەیەکی نوێ بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی هەولێر و بەغدا پێکدەهێنرێ
پەرلەمانی عێراق ئەمڕۆ یەكشەممە لیژنەیەکی نوێی پێکهێنا بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق و بڕیاریدا تاوەكو کاتی چارەسەرکردنی ئەو کێشانە کۆنەبێتەوە.

لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا باقر زوبەیدی، سەرۆکی فراکسیۆنی مواتنی سەر بە ئەنجوومەنی باڵای ئیسلامی لە پەرلەمانی عێراق رایگەیاند "سەرۆکی پەرلەمانی عێراق لەگەڵ سەرۆک فراکسیۆنەکانی نێو پەرلەمان کۆبووە و بڕیاریاندا لیژنەیەکی سێقۆڵی نوێ بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا پێکبهێنرێ و تاوەكو کاتی چارەسەرکردنی ئەو کێشانە کە بوونەتە هۆی پەسەندنەکردنی پڕۆژەیاسای بودجەی فیدراڵی ساڵی 2014، پەرلەمان کۆنەبێتەوە".

زوبەیدی راشیگەیاند "بڕیارە لیژنە نوێیەکە ئەمڕۆ لەگەڵ حوسێن شەهرستانی، جێگری سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆ کاروباری وزە کۆببێتەوە بە مەبەستی تاوتوێکردنی کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغداو دواتر لیژنەکە سەردانی هەولێر بکات بۆ تاوتوێکردنی ئەو کێشانە لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ دۆزینەوەی رێگەچارەیەک".

پەرلەمانی عێراق پێشتر لە 17 ی مانگی ئاداری رابردوو بڕیاریدا لیژنەیەکی سێقۆڵی لە نوێنەرێکی کورد و نوێنەرێکی هاوپەیمانی نیشتمانیی شیعەو هاوپەیمانی موتەحیدوون پێکبهێنێ بۆ چارەسەرکردنی ناکۆکییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا لەبارەی بڕگەکانی پڕۆژەیاسای بودجە کە تایبەتن بە پشک و هەناردەکردنی نەوتی کوردستان، بەڵام لیژنەکە تا ئێستا نەگەیشتووەتە هیچ ئەنجامێک.

هاوکات بەهۆی بەدینەهاتنی رێژەی یاسایی ئامادەبوان سەرۆکایەتی پەرلەمانی عێراق بڕیاریدا دانیشتنی ئەمڕۆی کە بڕیاربوو پڕۆژەیاسای بودجە تاوتوێبکات بۆ کاتێکی نادیار دوابخات.

لەبەرامبەردا عەلی موسەوی، راوێژکاری رۆژنامەوانی سەرۆک وەزیرانی عێراق رایگەیاند "حکومەتی عێراق دوو پێشنیازی لەبارەی کێشەی بودجەو نەوت لەگەڵ هەرێمی کوردستان خستوونەتە نێو پڕۆژەیاسای بودجە، کە بریتین لەوەی کوردستان بەڵێن بدات رۆژانە 100 هەزار بەرمیل نەوت هەناردەبکات بە بەردەوام و لیژنەیەکی هاوبەشیش لە نێوان هەولێرو بەغدا پێکبهێنرێ بۆ لێکۆڵێنەوە لە توانای راستەقینەی کوردستان بۆ بەرهەمهێنانی نەوت"









رووداو
Top