نوجێفی: گۆڕینی دیمۆگرافیای بەغدا مەترسیدارە و بە زیانی سوننەكانە

 نوجێفی: گۆڕینی دیمۆگرافیای بەغدا مەترسیدارە و بە زیانی سوننەكانە
سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، ئوسامە نوجەیفی، رایگەیاند بە كۆچپێكردنی بەزۆری دانیشتووانی چەند ناوچەیەك و گێڕانەوەی كەسانێك كە خەڵكی رەسەنی شارەكە نین، نەخشەی بەغدا گۆڕاوە. گوتیشی، پلانێكی چەپەڵ هەیە بۆ لێدانی سوننە بە مەبەستی دوورخستنەوەیان لە بەشداریكردن لە هەڵبژاردنەكان.

راشیگەیاند كە كەسانێك هەن كار لە سەر جیاكاریی نێوان هاووڵاتیانی عێراقی دەكات لە سەر بنەمای تایفەگەری و مەزهەبی .

ئوسامە نوجەیفی سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە میانەی دیدارێكی لەگەڵ گەورەزانایانی ئایینی و وتارخوێنی مزگەوتەكان رایگەیاند كە، ئەنجوومەنی نوێنەران نوێنەرایەتیی ئیرادەی گەل دەكات و ئەو ئەنجوومەنەش شەرعیەتی داوەتە حكوومەت بەپێی چەندین بنەما، گرنگترینیان كاركردن و خزمەت گەیاندنە بە هاووڵاتیان بەبێ جیاوازی؛ كاتێكیش جیاوازی دەكرێت ئەم شەرعیەتە دەكەوێتە گومانەوە. ئێمە دەزانین كە نەخشەی بەغدا گۆڕاوە و چەندین ناوچە بە تەواوی كۆچبار بوون و دوای هێوربوونەوەی بارودۆخەكەش دانیشتووانی رەسەنی ئەم شوێنانە نەگەڕاونەتەوە، هەمووشیان لە پێكهاتەی سوننەمەزهەبن؛ ئەم كارە زۆر مەترسیدارە و پێویستە رووبەرووی بوەستین.

نوجێفی تەئكیدیشی كردەوە كە لەو قۆناغەدا عێراق دووچاری پیلانێك و هێرشێك دەبێتەوە كە جیاكاری دەخاتە نێو هاووڵاتیانی ئەم وڵاتە و پیلانێكی چەپەڵە بۆ لێدانی سوننەمەزهەب و دوورخستنەوەیان لە بەشداریكردن لە هەلبژاردنەكان.
Top