عەلاوی: دەبێت تۆڵە لە بكوژی محەممەد بدێوی بكرێتەوە
ئەیاد عەلاوی، سەرۆكی ئیتیلافی عیراقییە لەبەرامبەر كوشتنی مامۆستای زانكۆ و رۆژنامەنووس محەممەد بدێوی، لەلێدوانێكی تۆماركراو بۆ دەزگاكانی راگەیاندن، داوادەكات تۆڵەی دادپەروەرانە لە بكوژەكە بكرێتەوە و دەڵێت "بەتووندی ئیدانەی رەفتاری نابەرپرسانەی هەندێك لە هێزە ئەمنییەكان و پاسەوانانی چەند بەرپرسێكی شاری بەغدا دەكەین".
سەرۆكی ئیتیلافی عیراقییە ئاماژە بۆ ئەوەدەكات، كە كوشتنی بدێوی شەممەری، بەڵگەیەكی ئاشكرایە كە هێزە ئەمنییەكانی عێراق گیانی عیراقییەكانیان بەلاوە گرنگ نییە.
عەلاوی لە لێدوانەكەیدا جەختدەكاتەوە، كە دەبێت تاوانبارەكە تۆڵەی لێبكرێتەوە.
محەممەد بدێوی رۆژی شەممە 22-3-2014 لەبەرئەوەی ئامادەنەبوو بە ئۆتۆمبیلەكەی لە خاڵێكی پشكنینی سەر بە لیوای پاراستنی سەرۆك كۆماری عێراق بوەستێ، لەلایەن هێزەكەوە تەقەی لێكراو كوژرا.
بەدوای ئەو رووداوە هەندێك لە بەرپرسانی عێراقی لێدوانی تووندیان بڵاوكردەوە و تەنانەت نووری مالیكی، سەرۆك وەزیرانی عێراق لە كاردانەوەیەكدا، تۆڵەكردنەوەی خوێنی محەممەد بدێوی خستە ئەستۆی خۆی و گوتی "خوێن بە خوێن و من دەبمە وەلی ئەمری".
رووداو
