هه‌فته‌ی داهاتوو داواكاری لێپرسینه‌وه له مالكی ده‌درێته په‌رله‌مان
وته‌بێژی لیستی عێراقیه حه‌یده‌ر مولا رایگه‌یاند: دۆسیه‌ی لێپرسینه‌وه‌ی مالكی ته‌واو بووه، هه‌فته‌ی داهاتوو پێشكه‌ش به سه‌رۆكایه‌تی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران ده‌كرێت، وتیشی، ئه‌و كاته‌ی چاو به قه‌باره‌ی پیشێلكارییه‌كانی سه‌رۆك وه‌زیران وه‌ك به‌رپرسی راسته‌وخۆی جێبه‌جێكردن له حكومه‌ت و فه‌رمانده‌ی گشتی هێزه چه‌كداره‌كان ده‌خشێنێت، ئاوا دێته پێش چاو كه سه‌رجه‌م جه‌ماوه‌ر خوازیاری سه‌ندنه‌وه‌ی متمانه‌یه له مالكی.
ئاماژه‌یدا: ئه‌و كاته‌ی مالكی پێش لێپرسینه‌وه له خۆی هێرشه‌كانی بۆ سه‌ر په‌رله‌مان ده‌ستپێكرد، ئه‌وه ده‌رده‌خات كه ئاماده‌بوونی مالكی مانای ده‌رخستنی پێشێلكاریه یاسایی و ده‌ستورییه‌كان بۆ گه‌لی عێراق ده‌گه‌یه‌نێت، كه ئه‌نجامی داوه، جه‌ساره‌تی ئه‌وه‌ش ناكات له په‌رله‌مان ئاماده‌بێت له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ترسی هه‌یه، دۆسیه‌ی له دژی بكرێته‌وه.
جه‌ختی كرده‌وه: ده‌ستور و یاسا سه‌رۆك وه‌زیران پابه‌ند ده‌كه‌ن، بۆ لێپرسینه‌وه ئاماده‌ی په‌رله‌مان بێت، ده‌سه‌ڵاتداریشه به‌سه‌ریدا، نه‌هاتنیشی هۆكارێكی دیكه‌یه بۆ ئه‌وه‌ی متمانه‌ی لێبهسنرێتهوه.
سه‌باره‌ت به هه‌ڵوێستی تازه‌ی ره‌وتی سه‌در، وتی: هه‌ڵویستی ره‌وتی سه‌در گۆڕانكاری به‌سه‌ردا نه‌هاتووه له‌به‌ر ئه‌وه‌ی تا ئێستاش داوای چاكسازییه سیاسییه‌كان ده‌كه‌ن، لیستی عێراقیه لێدوانی ره‌وتی سه‌در بۆ ئاماده‌نه‌بوونیان له پرۆسه‌ی لێپرسینه‌وه، داواكارانی لێپرسینه‌وه به‌هێز ده‌كه‌ن، نه‌وه‌ك گۆڕانكاری له هه‌ڵوێستیان، هه‌روه‌ك هه‌ندێك وای بۆ ده‌چن.
