لیستی عێراقییە لێپرسینەوە لەگەڵ پەرلەمانتارانی دەكا كە ئیمزایان بۆ وەرگرتنەوەی متمانە نەكردووە
ژمارەیەك لە پەرلەمانتارانی لیستی عێراقییە لەوانە عەرەبی كەركووك و ژمارەیەك پەرلەمانتاری لیستەكە لە دیالە و سەڵاحەدین، ئیمزاكردنیان بۆ وەرگرتنەوەی متمان لە نووری مالیكی سەرۆك وەزیرانی عێراق رەت كردەوە.
تەڵال زەوبەعی سەركردە لە لیستی عێراقییە بە ئاژانسی كوردستان بۆ دەنگوباس (ئاكانیوز)ی راگەیاند، ئەو پەرلەمانتارانەی لیستی عێراقییە كە ئیمزایان لەسەر وەرگرتنەوەی متمانە لە حكوومەت نەكردووە ژمارەیەكی كەمن و رێوشوێنیان بەرانبەر دەكرێ، كە شێوەكەی ئاشكرا نەكرد.
زیاتر گوتی، ئەو پەرلەمانتارانە چوونە ناو پڕۆژەی گەندەڵی و پاڵپشتییان لە دیاردەی بەسەربازیكردنی شارەكان كرد و لە داهاتوودا لیستی عێراقییە هەڵوێستی بەرانبەریان دەبێ كە لە پڕۆژەی نیشتمانی لایان داوە و ناپاكیان بەرامبەر دەنگدەرانیان كردووە.
دوێنێ سێشەم جەلال تاڵەبانی سەكۆماری عێراق رەتی كردەوە ئیمزای لەسەر نامەی وەرگرتنەوەی متمانە لە نووری مالیكی سەرۆك وەزیرانی عێراق كردبێ و بەپێی بەیاننامەك، سەركۆمار نامەیەكی ئامادە كردووە بۆ رەوانەكردنی بۆ ئوسامە نوجێفی سەرۆكی پەرلەمانی عێراق كە ئیمزای پەرلەمانتارەكانی تێدا دەبێ دوای وردبوونەوە لێیان.
ئەو رەتكردنەوە دوای گەیشتنی ئیمزای ژمارەیەك لە پەرلەمانتارانی عێراق بەمەبەستی وەرگرتنەوەی متمانە لە نووری مالیكی سەرۆك وەزیرانی عێراق بۆ تاڵەبانی هات.
