سەرۆكی ئەنجوومەنی باڵای ئیسلامی داوای ئاشكراكردنی رێككەوتنە نهێنییەكان دەكا

سەرۆكی ئەنجوومەنی باڵای ئیسلامی داوای ئاشكراكردنی رێككەوتنە نهێنییەكان دەكا
عەمار حەكیم سەرۆكی ئەنجوومەنی باڵای ئیسلامی لە عێراق ئەمڕۆ پێنجشەم رای گەیاند كە رێككەوتنە نهێنییەكانی نێوان بارستە سیاسییەكان دەبێتە كارتی هەڕەشەیان لە یەكتر، بۆیە پێویستە ئەو جۆرە رێككەوتنانە بۆ رای گشتی ئاشكرا بكرێن.

دوای بڵاوبوونەوەی دیمانەیەكی نووری مالیكی سەرۆك وەزیرانی عێراق لەگەڵ یەكێك لە كەناڵە تەلەڤزیۆنییەكانی كوردستان، سێشەمی رابردوو هەرێمی كوردستان هێرشی كردە سەر مالیكی كە رەخنەی لە سەرانی كورد گرتبوو و ئاماژەی بۆ ئاشكراكردنی بەڵگەنامەی نهێنی لە دژی مالیكی و حزبەكەی كرد.

حەكیم لە وتەیەكی كە كەناڵی ئاسمانیی \"فورات\""ی سەر بە ئەنجوومەنی باڵا كە لە فێستڤاڵێك لە بەغدا بڵاوی كردەوە گوتی، رێككەوتنی نێوان بارستە سیاسییەكان بووەتە كارتێكی هەڕشەكردن لە پێوەندییەكانیان و ئاماژەی كرد، ئیمزاكردنی رێككەوتنی ژێر مێز كارێكی راست نییە.

هەڕەشەكانی كورد لە مالیكی دوای لێدوانەكانی هات كە گوتی، ئێستە وا هەست دەكەین كە عێراق بەشێكە لە هەرێمی كوردستان نەوەك بە پێچەوانەوە و پێشتریش گوتبووی، دەنگی دەهۆڵ لێدانی شەڕ لە هەرێمی كوردستان دەبیستین.

مەسعوود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان بەم دواییە گوتی، لە میانەی سەردانمان بۆ ئەمەریكا بە واشنتۆنمان راگەیاندووە كە كورد دژی پێدانی باڵەفڕی جۆری (ئێف 16)یە بە عێراق هەتا مالیكی لە دەسەڵاتدا بێ، چونكە هەندێ لەوانەی تاكلایەنە لە بەغدا بڕیار دەدەن، چاوەڕوانی ئەو باڵەفڕانە دەكەن بۆ لێدانی كورد. "
Top