ئەردۆگان و هاشمى بۆ دووەم جار كۆ بوونەوە

ئەردۆگان و هاشمى بۆ دووەم جار كۆ بوونەوە
وەك پێشتر میدیاكان ئاماژەیان پێ دابوو، رەجەب تەیب ئەردۆگانى سەرۆك وەزیرانى توركیا بۆ جارى دووەم و لە بارەگاى رەسمیى سەرۆكایەتیى وەزیران پێشوازى لە تاریق هاشمى جێگرى سەركۆمارى عێراق كرد، كە ماوەى دوو هەفتەیە لەو وڵاتەیە.

سایتى \"خەبەر جینز\""ى توركى بڵاوى كردەوە، لەو دیدارەدا كە زیاتر لە سەعاتێكى خایاند پێوەندییەكانى هەردوو وڵات پاش لێدوانەكەى ئەمدواییەى نوورى مالیكی سەرۆك وەزیران بەرامبەر ئەردۆگان و دوا پەرەسەندنەكانى دۆخى عێراقیان تاوتوێ كرد.

هاشمى، كە زیاتر لە سێ مانگە بەتۆمەتى تێوەگلان لە \""كارى تیرۆریستى\"" یاداشتى گرتنى لەلایەن ئەنجوومەنى باڵاى دادوەریى عێراقەوە بۆ دەرچووە، پاش كۆبوونەوەى دوێنێی لەگەڵ مستەفا كامالاكى سەرۆكى حزبى سەعادە، لێدوانە توندەكانى بەرپرسانى بەغدا و ئەنقەرەى بە \""هەورى هاوین\"" وەسف كرد كە زوو دەڕەوێتەوە.

پاش زیاتر لە سێ مانگ مانەوە لە كوردستان لە یەكى ئەم مانگەدا هاشمى بە باڵەفڕێكى قەتەرى كوردستانى بەرەو قەتەر بەجێ هێشت و لەوێ لەلایەن میر حەمەد بن جاسمى میرى ئەو وڵاتەوە پێشوازى كرا و دۆحە داوایەكى حوسێن شەهرستانى جێگرى سەرۆك وەزیرانى عێراقى بۆ بەدەستەوەدانى هاشمى رەت كردەوە.

پاش سەردانەكەى قەتەر، هاشمى گەیشتە توركیا و لەگەڵ ئەردۆگان كۆ بوویەوە.

جەلال تاڵەبانى سەركۆمارى عێراق لە دیمانەیەكیدا لەگەڵ كەناڵى جەزیرەى ئینگلیزى راى گەیاند نازانێ ئاخۆ هاشمى دەگەڕێتەوە بۆ كوردستان یاخۆ نا.
"
Top