مالیكی، توركیای بە دوژمن ناو برد
ئەم لێدوانەی نووری مالیكی، دوای لێدوانێكی سەرۆكوەزیرانی توركیا، ڕەجەب تەییب ئەردۆغان، دێت كە مالیكی بە خۆپەرست و وروژێنەری ململانێ تایەفییەكان لە نێوان شیعە، سوننە و كورد ناو برد.
مالیكیش لەو بەیاننامەیەیدا كە لە پێگە ئەلیكترۆنییەكەی خۆی لەسەر تۆڕی ئینتەرنێت بڵاوی كردووەتەوە دەڵێت، ئەم لێدوانانەی ئەردۆغان جارێكی دی گەڕانەوەیە بۆ دەستوەردانە كاروباری نێوخۆی عێراق؛ ئەم هەڵوێستەیش تایەفییە و زیان بە پێوەندی و بەرژەوەندیی توركیا دەگەیەنێت و دەیكات بە ناحەزی هەمووان.
هاوكات سەرۆكوەزیرانی عێراق، توركیا بەوە تۆمەتبار دەكات كە دەیەوێت \""باڵادەستی\""ـی خۆی لە ناوچەكەدا بسەپێنێت.
ئەم گرژییە تایەفییە لە كانوونی یەكەمی ڕابردوودا سەری هەڵدا، كاتێك حكوومەتەكەی مالیكی ویستی جێگرەكەی ساڵح موتڵەگ كە لە لیستی عێراقییە و سوننەیە، لە كار لا بدات و هاوكات بە تۆمەتی دەستهەبوون لە كردەی توندوتیژیدا، جێگری سەرۆككۆمار تاریق هاشمی، لە لایەن دادگای عێراقەوە داوا كرا.
ئەم گوتانەی سەرۆكوەزیرانی توركیا، ڕەجەب تەییب ئەردۆغان، لە ماوەی سەردانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان، مەسعوود بارزانییە بۆ توركیا و پێشتریش سەرۆكوەزیرانی توركیا ڕایگەیاندبوو كە لە ئەگەری سەرهەڵدانی ململانێ تایەفییەكان لە عێراقدا، توركیا دەستەوەستان نامێنێتەوە"
