ئەمڕۆ لێكۆڵینەوە لەحەیدەرى درێژەى دەبىَ

ئەمڕۆ لێكۆڵینەوە لەحەیدەرى درێژەى دەبىَ
ئەندامى ئەنجوومەنى كۆمسیارانى كۆمسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەكانى عێراق رای گەیاند، ئەمڕۆ یەكشەم لێكۆڵینەوە لەگەڵ فەرەج حەیدەرى بەردەوامى دەبىَ دواى ئەوەى پێنجشەمی رابردوو بەهۆى تەواوبوونى دەوامەوە لێكۆڵینەوەكە هاتە وەستاندن.

سەردار عەبدولكەریم بەئاژانسى كوردستان بۆ دەنگوباس (ئاكانیوز)ی راگەیاند، بڕیارە ئەمڕۆ لێكۆڵینەوە لە فەرەج حەیدەرى سەرۆكى كۆمسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەكانى عێراق و كەریم تەمیمى بەردەوام بىَ، دواى ئەوەى پێنجشەمی رابردوو بەهۆى تەواوبوونى دەوامەوە لێكۆڵینەوەكە هاتە وەستاندن.

فایلی فەرەج حەیدەری سەرۆكی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان و خالید تەمیمی ئەندامی كۆمسیۆنەكە بۆ هاوكاریی دارایی بە بڕی 100 هەزار دیناری عێراقی بۆ چەند فەرمانبەرێكی فەرمانگەی تۆماری زەوی و زاری ناوچەی بەیاع لە بەغدا لە ساڵی 2008 دەگەڕێتەوە.

پێنجشەمی رابردوو حەنان فەتلاوی لە ئیمیلێك گوتی، هەریەك لە فەرەج حەیدەری سەرۆكی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان لە عێراق و كەریم تەمیمی ئەندامی كۆمسیۆنەكەی بە تۆمەتی گەندەڵی لە فایلێكی گەندەڵی كە لە دانیشتنی لێپرسینەوەی كۆمسیۆنەكە باسی لێوە كراوە، دەستبەسەر كراون.

حەیدەری لە پێوەندییەكی تەلەفۆنیدا لە شوێنی دەستبەسەركردنی لە بنكەی لێكۆڵینەوە لە دەستەی پاكوەریی بەغدا (نەزاهە) رایگەیاند، بابەتەكە تەنیا داوایەكی هەڵبەستراوی حەنان فەتلاویی پەرلەمانتارە.

زیاتر گوتی، لەگەڵ تەمیمی ماوەی سێ رۆژ بۆ لێكۆڵینەوە دەستبەسەر كراوین و ئاماژەی كرد، پێدانی هاوكاریی دارایی كارێكی یاسایییە و لە دەسەڵاتی ئەنجوومەنی كۆمسیۆنە.

تەباییی دەوڵەتی یاسا بەسەرۆكایەتیی نووری مالیكی سەرۆك وەزیرانی عێراق نەیتوانی لە تەمووز/یۆلیۆی رابردوو متمانە لە كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان وەربگرێتەوە و دوای چەند دانیشتنێكی لێپرسنەوە لەلایەن پەرلەمانی عێراقەوە، دووبارە متنمانە بە كۆمسیۆنەكە درایەوە.

كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان دەزگایەكی سەربەخۆیە و راستەوخۆ سەر بە پەرلەمانی عێراقە و ئەندامانی لە ساڵی 2007دا هاتوونەتە دیاریكردن و لەلایەن فەرەج حەیدەری سەرۆكایەتی دەكرێ و تا ئێستە سەرپەرشتیی چەندان هەڵبژاردنی گشتی و پارێزگەكانی كردووە.
Top