هاوپەیمانیى كوردستان لەگەڵ ئەوەیە پێش لە كۆنگرەى نیشتمانى رێكەوتنامەى هەولێر جێبەجێ بكرێ

هاوپەیمانیى كوردستان لەگەڵ ئەوەیە پێش لە كۆنگرەى نیشتمانى رێكەوتنامەى هەولێر جێبەجێ بكرێ
سەركردەیەكى هاوپەیمانیى كوردستان ئەمڕۆ چوارشەم راى گەیاند، لیستەكەى سوورە لەسەر ئەوەى پێش لە بەستنى كۆنگرەى نیشتمانى، رێكەوتنامەى هەولێر جێبەجێ بكرێ كە لەسەر بناغەى ئەو رێكەوتنامەیە حكوومەتى عێراقى پێك هات، رەتیشى كردەوە ئەو هەڵوێستەى پشتگیریكردن بێ لە لیستى عێراقییە.

فەرهاد ئەترووشى بە ئاژانسی كوردستان بۆ دەنگوباس (ئاكانیوز)ى راگەیاند \"هاوپەیمانیى كوردستان هەر لە سەرەتاوە داواى جێبەجێكردنى رێكەوتنامەى هەولێرى كردووە و تائێستەیش سوورە لەسەر ئەو داوایە، چونكە لەسەر بناغەى ئەو رێكەوتنامەیە حكوومەتى عێراق پێك هاتووە\"".

پاش ئەوەى یەكشەمى رابردوو جەلال تاڵەبانى سەركۆمارى عێراق رۆژى 5ى نیسانى داهاتووى بۆ بەستنى كۆنگرەى نیشتمانى دیارى كرد، بارستەى عێراقییەى ئەیاد عەلاوى جەختى كرد پێویستە بەر لە بەستنى ئەو كۆنگرەیە كەشوهەواى گونجاوى بۆ ساز بكرێ، ئەویش بە جێبەجێكردنى رێكەوتنامەى هەولێر بەتەواوى، بەپێچەوانەوە ئامادەى كۆبوونەوەكانى لێژنەى ئامادەكاریى كۆنگرەكە نابێ.

ئەترووشى گوتى \""ئەگەر پێش لە بەستنى كۆنگرەى نیشتمانى رێكەوتنامەى هەولێر جێبەجێ نەكرێ، ئەوا ئەو كۆنگرەیە هیچ سوودێكى نابێ\"" و جەختى كرد \""جێبەجێكردنى رێكەوتنامەكە خواستى بارستە سیاسییەكانە و داڕشتنى ماوەیەكى زۆرى ویستووە\"".
"
Top