نیوەڕۆی ئەمڕۆ كۆبوونەوەی وەزیرانی ئابووریی عەرەب لە بەغدا دەست پێ دەكا

نیوەڕۆی ئەمڕۆ كۆبوونەوەی وەزیرانی ئابووریی عەرەب لە بەغدا دەست پێ دەكا
وەزیری بازرگانیی عێراق رای گەیاند، تا ئێستە شاندی زۆربەی وڵاتانی عەرەبی بۆ بەشداریكردن لە كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی ئابووری و كۆمەڵایەتیی وڵاتانی عەرەبی گەیشتوونەتە بەغدا و بڕیارە نیوەڕۆی ئەمڕۆ كۆبوونەوەكە بە ئامادەبوونی نەبیل عەرەبی سەرۆكی كۆوەندی وڵاتانی عەرەبی بەڕێوە بچێ.

خێروڵا حەسەن، ئەمڕۆ سێشەم بە ئاژانسی كوردستان بۆ دەنگوباس (ئاكانیوز)ی راگەیاند، لە ئێوارەی دوێنێوە تا ئێستە شاندی سەرجەم وڵاتانی عەرەبی بۆ بەشداریكردن لە كۆبوونەوەی ئابووری و كۆمەڵایەتیی وڵاتانی عەرەبی كە بڕیار وایە سەعات 12ی نیوەڕۆی ئەمڕۆ لە هوتێل شیراتۆن ئەنجام بدرێ گەیشتوونەتە شاری بەغدا.

زیاتر گوتی، لەنێو ئەو كەسانەی گەیشتوون، وەزیری بازرگانیی سۆماڵ، جەزایر، ئوردن، كوێت، تونس، عومان، جێگری یەكەمی وەزیری بازرگانیی میسر، یەمەن، لبنان و راوێژكاری بازرگانیی میسر و ژمارەیەك لە شارەزایانی ئابووری و پیشەسازی و كۆمەڵایەتیی وەزارەتەكانی بازرگانی و پیشەسازی و دارایی و كۆمەڵایەتیی وڵاتانی عەرەبی.

ئەوەشی ئاشكرا كرد، نەبیل عەرەبی سەرۆكی كۆوەندی وڵاتانی عەرەبی بەشداری لە كۆبوونەوەكەدا دەكا و وتارێكیش پێشكێش دەكا.

ئەوەشی، ئەنجامدانی كۆنگرەكە دەستپێكی كارەكانی كۆبوونەوەكانی باڵای لووتكەی عەرەبییە كە بڕیار وایە دووسبەی پێنجشەمی داهاتوو ببەسترێ.

خەیروڵا كە سەرۆكایەتیی كۆبوونەوەكە دەكا گوتی، لە كۆبوونەوەكەدا چەندین پرس و بابەتی پێوەندار بە پرسی ئاڵوگۆڕی بارزگانی و پیشەسازی و ئابووری و كۆمەڵایەتیی نێوان وڵاتانی عەرەبی تاوتوێ دەكرێ.
Top