هاوپەیمانیى كوردستان داواى هێوركردنەوەى شەڕى راگەیاندن دەكا
گۆتیارى لیستى هاوپەیمانیى كوردستان ئەمڕۆ دووشەم راى گەیاند، توندكردنى شەڕى راگەیاندن لە بەرژەوەندیى هیچ لایەنێكى سیاسیی عێراق نییە و داواى كرد لەبرى ئەو شەڕە، هەوڵى چارەسەركردنى كێشە رژدەكانى وڵات بدرێ.
موئەیەد تەیب بە ئاژانسی كوردستان بۆ دەنگوباس (ئاكانیوز)ى راگەیاند \"چەندان جار جەختمان كردووە شەڕە قسەى راگەیاندن لەنێوان لایەنە سیاسییەكاندا لە خزمەتى پرۆسەى سیاسیدا نییە، بەڵام هەندێ كەس و لایەن هەر لەسەرى سوورن\"".
لە چەند رۆژى رابردوودا شەڕى راگەیاندن لەنێوان هاوپەیمانیى كوردستان و لیستى دەوڵەتى یاساى نوورى مالیكى سەرى هەڵ دا، بەتایبەت پاش ئەوەى مەسعوود بارزانى سەرۆكى هەرێمى كوردستان دووپاتى كردەوە هەرێم تاریق هاشمى جێگرى سەركۆمار بەدەستەوە نادا و داواى كرد هەر سێ سەرۆكایەتییەكەى عێراق رێگەچارەیەك بۆ ئەو كێشەیە بدۆزنەوە.
لەبەرامبەردا یاسین عەزیز سەركردەى لیستى دەوڵەتى یاسا بە توندى وەڵامى لێدوانەكانى بارزانى دایەوە و تۆمەتبارى كرد بەوەى پەناى كەسانى \""تۆمەتبار\"" دەدا.
تەیب گوتى \""گرژاندنى راگەیاندن چارەسەر نییە، چونكە چەندات كێشەى رژد هەن پێویستیان بە دیدار و كۆبوونەوە هەیە بۆ چارەسەركردنیان، لێدوان بۆ میدیاكان چارەسەرى كێشەكان ناكا\"".
هەروەها گوتى \""بەلاى ئێمە دەستبردن بۆ سیمبوڵەكانمان كە جێى شانازیمانن مایەى قبووڵكردن نییە\"".
ئاماژەى بەوەیش دا ئەوەى بارزانى لەبارەى شكستى حكوومەتى عێراق لە دابینكردنى ئاسایش و سەقامگیرى و خزمەتگوزارییەكان، نهێنییەك نییە ئەو ئاشكراى كردبێ و عێراقییەكان نەیزانن.
هەروەها رەتى كردەوە ئەو گرژاندنە میدیاییە ببەسترێنەوە بەو دەنگۆیانەى باس لە نێزیكبوونەوەى راگەیاندنى هاوپەیمانییەك لەنێوان هاوپەیمانیى كوردستان و بارستەى عێراقییە دەكەن."
