نووری مالیكی بریكاری وەزارەتی ڕۆشنبیری لە پۆستەكەی دوور دەخاتەوە
هۆی ئەو هەڵوێستەی مالیكی بۆ دروستبوونی كێشە و جیاوازی لە نێوان بریكاری وەزارەتی ڕۆشنبیری و بریكارەكانی تر و بەڕێوەبەرە گشتییەكان لە وەزارەتدا دەگەڕێتەوە.
ئەو سەرچاوەیە كە نەیویستووە ناوەكەی بێتە ئاشكراكردن بە ئاژانسی كوردستان بۆ دەنگوباس (ئاكانیوز)ی گوت، سەرۆك وەزیران بڕیاری دوورخستنەوەی بریكاری وەزارەتی ڕۆشنبیری جابر ئەلجابری داوە و پاشان خانەنشین دەكرێ.
هەروەها گوتی هۆی ئەو بڕیارە زۆریی كێشەكانیەتی لەگەڵ بریكارەكانی تر و بەڕێوەبەرە گشتییەكان كە كاری كردووەتە سەر ئەدای وەزارەتەكە.
ڕوونی كردەوە، ئەلجابری ڕێگەی پێ نەدراوە لە بری وەزیر بەریدی وەزارەت ئیمزا بكا، بگرە ئەوە بە بریكاری وەزارەت فەوزی ئەترووشی هاتووەتە سپاردن. ئێستەش سەرۆك وەزیران كار بۆ ڕێكخستنی كارەكانی وەزارەتی ڕۆشنبیری دەكا، چونكە پێویستی بە ڕێكخستن هەیە.
جابر ئەلجابری شاعیرێكی عێراقییە و لە سەردەمی ڕێژیمی لێخراودا بە \"ئەبو مەدین ئەلموسەوی\"" هاتبووە ناسین، ماوەی 8 ساڵە پۆستی بریكاری وەزارەتی ڕۆشنبیریی وەرگرتووە."
