مالیكی رێگە بە وەزیرەكانی عێراقییە نادا لە وەزارەتەكانیاندا داوام بكەن

مالیكی رێگە بە وەزیرەكانی عێراقییە نادا لە وەزارەتەكانیاندا داوام بكەن
ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاری دا داوامكردنی وەزیرەكانی سەر بە لیستی عێراقییە لە وەزارەتەكانیاندا قەدەغە بكا و ئاگەداری فەرمانبەرانی ئەو وەزارەتانەش دەكاتەوە كە بەهیچ شێوەیەك مامەڵەیان لەگەڵدا نەكەن.

دوای گرژییەكانی ئەم دوایییەی نێوان هەردوو لیستی عێراقییە و دەوڵەتی یاسا، عێراقییە ئامادەبوونی پەرلەمانتار و وەزیرەكانی لە دانیشتنەكانی پەرلەمان و حكوومەتدا هەڵپەسارد، مالیكیش وریایی دایە وەزیرەكانی عێراقییە ئەگەر نەگەڕێنەوە سەر كارەكانیان، ئەوا لە پۆستەكانیان لایان دەدا.

رۆژی 4ی مانگی رابردوو ئەنجوومەنی وەزیران بڕیاری دا مۆڵەت بداتە ئەو وەزیرانەی عێراقییە كە ئامادەی دانیشتنەكانی نابن و بەشێوەیەكی كاتی وەزیری تر بۆ بەڕێوەبردنی كارەكانیان دابنێ.

عەلی دەباغ گۆتیاری حكوومەتی عێراق دوێنێ سێشەم لە بەیاننامەیەكدا رای گەیاند، ئەنجوومەنی وەزیران لە كۆبوونەوەی خۆیدا بەسەرۆكایەتیی نووری مالیكی، بڕیاری دا ناكرێ وەزیرەكانی سەر بە لیستی عێراقییە كە بایكۆتی حكوومەتیان كردووە، كارەكانی وەزارەتەكەیان بەڕێوە ببەن.

ئاماژەی دا بەوەی كە لەگەڵ دەوامكردنی ئەو وەزیرانەی كە بەشێوەیەكی كاتی دانراون، سەرجەم ئەو بڕیارانەی وەزیرەكانی عێراقییە ئیمزای لەسەر دەكەن كاریان پێ ناكرێت، هاوكات ڕێگە بە وەزیرەكانی عێراقییە نادرێ دەوام بكەن و فەرمانبەرانی ئەو وەزارتانەش بۆیان نییە مامەڵەیان لەگەڵدا بكەن.

ئەم بڕیارە لە كاتێكدایە كە یەكشەمی رابردوو هەرسێ سەرۆكایەتییەكەی عێراق و ژمارەیەك لە سەركردەكانی لایەنە سیاسییەكان لە بەغدا كۆ بوونەوە، بۆ گفتوگۆكردن لەبارەی چۆنیەتیی گرێدانی كۆنگرەی نیشتمانی بۆ گشت هێزە سیاسییەكان، بەمەبەستی دۆزینەوەی چارەسەرێك تەنگژەی سیاسیی ئێستەی وڵات، كە بەلای زۆر لە چاودێرانەوە هەڕەشە لە پرۆسەی سیاسیی وڵات دەكا.
Top