دواخستنی دانیشتنەكانی پەرلەمان كاریگەریی نەرێنی دەبێ

دواخستنی دانیشتنەكانی پەرلەمان كاریگەریی نەرێنی دەبێ
بەهۆی نەبوونی رێژەی یاسایی پەرلەمانتاران، دانیشتنی پەرلەمانی عێراق بۆ رۆژی 17ی ئەم مانگە دوا خرا، پەرلەمانتارێك رای دەگەیەنێ دواخستنی دانیشتنەكانی پەرلەمان كاریگەریی نەرێنی لەسەر دۆخی ئێستەی وڵات و پەسندكردنی پرۆژە یاسای بودجەی ساڵی 2012 دەبێ.

شوان محەمەد تەها پەرلەمانتار لە فراكسیۆنی هاوپەیمانیی كوردستانی ئەمڕۆ دووشەم بە ئاژانسی كوردستان بۆ دەنگوباس (ئاكانیوز)ی راگەیاند \"كەمێك بەر لە ئێستە پەرلەمانتارانی عێراق بەرەو هۆڵی پەرلەمان بەڕێ كەوتن بەمەبەستی بەشداری لە دانیشتنی ئاسایی، بەڵام دانیشتنەكە بەڕێوە نەچوو\"".

روونی كردەوە \""بەهۆی ئامادەنەبوونی رێژەی یاسایی پەرلەمانتاران كە 165 ئەندامە، سەرۆكایەتیی پەرلەمان دانیشتنەكەی بۆ رۆژی سێشەمی داهاتوو دوا خست\"".

لای خۆیەوە پەرلەمانتار فاتیح داراغایی بۆ (ئاكانیوز) رای گەیاند \""دواخستنی دانیشتنەكان بۆ حەوتووی داهاتوو كاریگەریی نەڕێنی لەسەر كاری پەرلەمانی عێراق دەبێ\"".

ئاماژەی بەوەش دا \""كاریگەرییە نەرێنیەكە بەڕێژەیەكی زۆر بەسەر پەسندكردنی پرۆژەیاسای بودجەی ساڵی 2012ەوە دەبێ لەگەڵ ئەو پرۆژەیاسانەی لە بەرنامەی سەرۆكایەتیی پەرلەمان بووە لەم خولەدا كاری لە سەر بكا\"".

\""تەنگژەی سیاسیی لە عێراق كاریگەریی نەرێنی لەسەر كاری پەرلەمان هەبووە، بەڵام پەرلەمانی عێراق ناتوانێ لە ناو هۆڵی پەرلەمان چارەسەری تەنگژەی سیاسیی وڵات بكا، بگرە دەبێ لە دەرەوەی هۆڵی پەرلەمان ئەو ناكۆكی و تەنگژانە بێنە چارەسەركردن\"" داراغایی گوتی.

لەوكاتەی دوا سەربازی ئەمەریكا لە 18ی كانوونی یەكەم/دیسێمبەری 2011 عێراقییان جێ هێشت پێوەندییەكانی هەردوو لیستی گەورەی ناو پەرلەمان و حكوومەتی عێراق (دەوڵەتی یاسای نووری مالیكی و عێراقییەی ئەیاد عەلاوی) دۆخێكی گرژی بەحۆیەوە بینی و بەردەوامە، بەتایبەت دوای راگەیاندنی هەردوو پارێزگەی سەڵاحەدین و دیالە لەلایەن زۆرینەی ئەندامانی ئەنجوومەنی پارێزگەكانیانەوە كە لە لیستی عێراقییەن.

رۆژی 17 كانوونی یەكەم/دیسێمبەری 2011 لیستی عێراقییە وەك ناڕەزایی بەرامبەر مامەڵەی حكوومەت لە بەهەرێمبوونی هەردوو پارێزگەی سەڵاحەدین و دیالە و شێوەی بەڕێوەچوونی پرۆسەی سیاسی، ئامادەبوونی سەرجەم پەرلەمانتارانی لە دانیشتنەكانی ئەنجوومەنی نوێنەران هەڵپەسارد."
Top