نیویۆرك تایمز: (مالیكی) بۆ مانەوەی لە پۆستەكەیدا هەموو شتێك دەكات

نیویۆرك تایمز: (مالیكی) بۆ مانەوەی لە پۆستەكەیدا هەموو شتێك دەكات
ڕۆژنامەی “نیویۆرك تایمز”ـی ئەمەریكی ڕاپۆرتێكی بڵاوكردووەتەوە و تێیدا هاتووە، سەرۆكوەزیرانی عێراق (نووری مالیكی) لە ماوەی چەند مانگی ڕابردوودا هەندێك هەنگاوی هەڵگرتووە بۆ ئەوەی دەستەڵات لە وڵاتەكەیدا بە تەواوی كۆنترۆڵ بكات، لەوانەیش دەستگیركردنی سەدان ئەندامی پێشووی پارتیی بەعسی هەڵوەشاوە و دەركردنی كۆمپانیا ڕۆژئاواییەكان لە ناوچەی سەوز.

نیویۆرك تایمز باس لەوە دەكات ئەو هەنگاوانەی (نووری مالیكی) هەڵیاندەگرێت ئەوەمان پێ دەڵێت كە عێراق پاش كشانەوەی سوپای ئەمەریكا لە وڵاتدا چۆن دەبێت و هەر ئەم مامەڵەیەیش نیگەرانی لای وڵاتانی ڕۆژئاوا دروست كردووە.

(ڕەمزی ماردینی) توێژەرەوەیەكە لە سەنتەری “لێكۆڵینەوەی شەڕ لە واشنتۆن” و دەڵێت “بەرپرسانی ئەمەریكا دوو جۆرە تێڕوانینیان دەربارەی (مالیكی) هەیە.

هەندێكیان پێیان وایە كەسێكی نەتەوەییە و ئەوانی دیكەیان پێیان وایە (مالیكی) كار بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەكانی كۆماری ئیسلامیی ئێران دەكات لە عێراق و ناوچەكەدا”.

ئەم توێژەرەوەیە باس لەوە دەكات تێڕوانینی بەرپرسانی ئەمەریكی دەربارەی (مالیكی) هەڵەیە، چونكە ناوبراو نە كەسێكی نەتەوەییە و نە ئامانج لە سیاسەتەكەی خزمەتكردنی ئێرانە، بەڵكوو هەموو كارێك دەكات بۆ ئەوەی لە پۆستەكەیدا بمێنێتەوە.

نیویۆرك تایمز لە درێژەی ڕاپۆرتەكەدا دەڵێت، سەرۆكوەزیرانی عێراق بەشێوەیەكی زیرەكانە مامەڵە دەكات و بیانووی نەهێشتنی تیرۆریزم و توندوتیژی بەكار دەهێنێت بۆ دەستگیركردنی ئەو كەسانەی بە هەڕەشەیان دادەنێت بۆ سەر دەستەڵاتەكەی و (ئەحمەد)ـی كوڕیشی سەرپەرشتی هەڵمەتی دەركردنی كۆمپانیا ڕۆژئاواییەكان دەكات لە ناوچەی سەوزدا.
Top