پهرلهمانتار و یاساناسان پێیان وایه كه پڕۆژەكەی (تاڵەبانی) دەبوو لە 2005ـدا جێبەجێ بكرایە
ئەم پڕۆژەیە كە دەبوو لە 2005ـدا جێبەجێ بكرایە، بۆ گەڕاندەوەی چەند یەكەیەكی ئیدارییە بۆ سنووری پارێزگاكانی پێشتریان، كە بە بڕیاری “بەعس” گوازراونەتەوە.
ئەو پڕۆژەیە كە بۆ گێڕانەوەی هەندێك لە ئیدارەكانی سنووری چەند پارێزگایەك (بە تایبەتی پارێزگاكانی سنووری 140)، دەبوو لە 2005ـەوە جێبەجێ بكرایە.
ئەندامی لیژنەی یاسایی پەرلەمانی عێراق (لەتیف شێخ مستەفا) پێی وایە كە دەبوو ئەو پڕۆەژەیە لە 2005ـەوە جێبەجێ بكرایە نەك ئێستا. هەروەها ڕەخنە لەوە دەگرێت كە هێشتا پڕۆژەكە لە پەرلەماندا قسەی لە بارەوە نەكراوە، كەچی لە هەندێك مێدیاوە بانگەشەی گەورەی بۆ دەكرێت، لە كاتێكدا هەم خەڵكی هەرێم دەخاتە چاوەڕوانی و هەم دوور نییە بەرەوڕووی ڕەخنەی توندی لایەنەكانی دیكە ببێتەوە.
(ئوسامە جەمیل) كە پەرلەمانتاری عێراقە لە لیستی یەكگرتوو، پڕۆژەكە بە سەرەتایەكی باش دەزانێت بۆ جێبەجێكردنی بەشێك لە ماددەی 140، بە تایبەتی ئەگەر لیستێكی گەورەی وەك شیعەكان پشتگیری لێ بكەن.
لە سەدەی ڕابردوودا، بە بڕیاری حزبی بەعس چەندین شارۆچكە و شارەدێ لە سنووری پارێزگاكانی (هەولێر، كەركووك، سەڵاحەددین) ئاڵوگۆڕیان پێ كراوە.
بۆ نموونە: شارۆچكەی “مەخموور” كە ئێستا سەر بە (مووسڵ)ـە، دەبێ لە بنەڕەتدا سەر بە (هەولێر) بێت. قەزای “دووزخورماتوو” كە ئێستا سەر بە (سەڵاحەددین)ـە، دەبێ سەر بە (كەركووك) بێت.
هەر یەك لە ناوچەكانی “چەمچەماڵ، قادركەرەم، كەلار، كفری)، كە ئێستا سەر بە هەرێمی كوردستانن، دەبێ سەر بە (كەركووك) بن. بۆیە پڕۆژەكەی (تاڵەبانی) بۆ ئەوەیە ئەمانە بۆ جێی خۆیان بگەڕێننەوە.
(لەتیف شێخ مستەفا) كە پەرلەمانتاری فڕاكسیۆنی گۆڕانە، ڕای وایە كە جێبەجێكردنی پڕۆژەكە خاڵی ئەرێنی و نەرێنیی هەیە؛ كە ئەرێنییە ئەگەر “دوزرخورماتوو” بێتەوە سەر (كەركووك) و “مەخموور”ـیش بخرێتەوە سەر هەولێر.
بەڵام ترسی لەوە هەیە كە ئەگەر “چەمچەماڵ و كەلار و كفری” بخرێنەوە سەر كەركووك، ئەوا ئەگەر 140 جێبەجێ نەكرێت، ئەم ناوچانە لە دەست بچن. بەڵام شارەزای یاسایی (د. تاڵب كاكەیی) بۆچوونی وایە كە گەڕاندوەی ئەو سێ شارۆچكەیەی كە ئێستا لە هەرێمدان بۆ سەر كەركووك، بۆ هەرێمی كوردستان باشترە.
هۆكاری ئەم باشییە بۆ ئەوە دەگەڕێنتەوە كە ئەگەر “ڕاپرسی” بۆ جێبەجێكردنی ماددەی 140 لە كەركووك بكرێت، ئەوا ڕێژەی دەنگەكانی كورد زیاتر دەبێت و ئەو پارێزگایە ئاسانتر دەگەڕێتەوە.
هاوكات دەتواندرێت سوود لە دەنگی دەنگدەرانی ئەم سێ ناوچەیە وەربگیرێت تا ڕێژەی كورسییەكانی لە ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووكدا زیاتر بكات، ئەمە بێجگە لەوەی بودجەی ئەم ناوچانە دەچێتە سەر كەركووك و ساڵانە لە بەغداوە وەری دەگرن. دەربارەی مەترسییەكانی لەدەستدانی ئەم ناوچانە، (كاكەیی) دەڵێت: “بڕوا ناكەم مەترسی هەبێت، چونكە ئەو ناوچانە هەرچەندە بچنەوە سەر كەركووكیش، بەڵام ئیدارە و خەڵكەكەی هەر وەك ئێستا دەمێنێتەوە. ئەگەر مەترسییەكیش هەبێت، ئەوا بە ئاسانی دەتواندرێت بگەڕێندرێنەوە سەر هەرێم.”
هێشتا پڕۆژەكەی (تاڵەبانی) گفتوگۆی لە بارەوە نەكراوە، دەنگۆی ئەوە هەیە كە لە لایەن بەشێكی لیستی ئەلعێراقییەوە دژایەتی دەكرێت. (لەتیف شێخ مستەفا) باس لەوە دەكات كە ئەو ئەندامەی لیستی ئەلعێراقییە كە سنووری شوێنی نیشتەجێبوونیان لە هەرێمی كوردستانەوە نزیكە، لەوانی دیكە توندتیژترن.
بۆیە بە پێیوستی دەزانێت كە ئەگەر كورد بتوانێت لە ڕووی یاساییشەوە ئەم ناوچانە بگەڕێنێتەوە، ئەوا دەبێ لە واقیعیشدا لایەنەكانی دیكە (بە تایبەتی ئەلعێراقییە) ڕازی بكرێت، بۆ ئەوەی لە داهاتوودا كێشە دروست نەكەن.
-سایتی ههولێر
