عێراق نیگەرانی خۆی لە دروستکردنی بەندەری موبارەکی گەورە لەلایەن کوێتەوە دەربڕی

 عێراق نیگەرانی خۆی لە دروستکردنی بەندەری موبارەکی گەورە لەلایەن کوێتەوە دەربڕی
حکومەتی عێراق نیگەرانی خۆی بەرامبەر دروستکردنی بەندەری موبارەکی گەورە لەلایەن کوێتەوە دەربڕی بەهۆی نەبوونی هیچ زانیارییەک یان دڵنیابوون لەوەی کاریگەری نەرێنی لەسەر بەرژەوەندی عێراق نابێ.
عەلی دەباغ گوتەبێژی فەرمی حکومەتی عێراق لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا وتی: \"عێراق نیگەرانە بەرامبەر پێشێلکردنی مافی کەشتیوانی لە خوور عەبدوڵا و ئاوەکانی هاوبەش بەپێی بنەماکانی یاسای نێودەوڵەتی و بڕیارەکانی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی\"".

دەباغ داوای لە کوێت کرد دروستکردنی بەندەری موبارەک رابگرێ تاوەکو دڵنیا دەبن لەوەی ئەو بەندەرە کاریگەری لەسەر بەرژەوەندی عێراق لە رووی کەشتیوانی و ئەمنی لە ئاوەکانی هاوبەش نابێ، داواشی لە کوێت کرد هاوکاری لیژنەی راسپێردراوی عێراق بکات بۆ بەدواداچوون لەو بابەتەدا لەرێگەی پێدانی زانیاری پێویست لەبارەی ئەو بەندەرەوە.

کوێت لە مێژووی شەشی نیسانی رابردوو دروستکردنی بەندەری موبارەکی گەورەی دەست پێ کرد، ئەوش دوای ساڵێک لە دانانی بەردی بناغەی پڕۆژەی دروستکردنی بەندەری فاوی گەورە لەلایەن وەزارەتی گواستنەوەی عێراقەوە."
Top