تاڵەبانی جەخت دەکاتەوە لەسەر پشتیوانیکردنی عێراق بۆ سەقامگیری و چاکسازییە سیاسییەکانی سووریا

 تاڵەبانی جەخت دەکاتەوە لەسەر پشتیوانیکردنی عێراق بۆ سەقامگیری و چاکسازییە سیاسییەکانی سووریا
دوێنێ سێشەممە جەلال تاڵەبانی سەرۆک کۆماری عێراق لە نامەیەکدا بۆ هاوشانە سووریاییەکەی جەختی کردەوە لەسەر ئەوەی عێراق پشتیوانی ئەمن و سەقامگیری و چاکسازییە سیاسییەکانی سووریا دەکات.
ئاژانسی دەنگوباس سووریا رایگەیاند، دوێنێ جەلال تاڵەبانی لە نامەیەکدا کە ئاراستەی بەشار ئەسەد سەرۆکی سووریا کردبوو، جەختی کردەوە لەسەر ئەوەی عێراق پشتیوانی ئەمن و سەقامگیری و چاکسازییە سیاسییەکانی سووریا دەکات، ئاماژەی بەوەشدا، نێردراوی سەرۆک کۆمار عادل عەبدولمەهدی پاش نیوەڕۆی دوێنێ سێشەممە لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ ئەسەد نامەکەی پێ گەیاند.

ئاژانسەکە وتیشی: \"نامەکە پەیوەست بوو بەپەیوەندییەکانی نێوان سووریا و عێراق و دوا پێشڤەچوونەکانی ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەتایبەتی سووریا، هەر لە چاوپێکەوتنەکەدا دۆخی ناوچەکە بەگشتی و گۆڕەپانی عێراق بەتایبەتی باس کرا\"".

زیاتر لە چوار مانگە ناڕزاییەکانی سووریا بەردەوامە بۆ رووخاندنی رژێمەکە و داواکردنی ئازادی و دیموکراسی لە وڵاتدا. لە ئەنجامی کردەوە توندوتیژییەکانیشدا تا ئێستا زیاتر لە 1500 کەس کوژراون و بەهەزارانیش دەستگیر کراون. سەرباری ئاوارەبوونی هەزاران خێزان بۆ تورکیا و لبنان بەهۆی ناسەقامگیری ناوچەکە."
Top