سبەى پەرلەمانى عێراق تاوتوێی پڕۆژەیاساى چەكى دەنگبڕ و چەند پڕۆژەیاسایەكی تر دەكات
د.سەعید رەسووڵ خۆشناو بەئاژانسی كوردستان بۆ دەنگوباس (ئاكانیوز)ى راگەیاند، كارنامەى 12مین دانیشتنى پەرلەمانى عێراق لە 8 بڕگە پێك دێ ، سەرەتا خوێندنەوەى یەكەم بۆ پڕۆژەیاسای قەدەخەكردنى و بڵاوبوونەوەى چەكی دەنگبڕ، پڕۆژەیاساى ئاوەدانكردنەوەى ژێرخان و كەرتى خزمەتگوزارى، پڕۆژەیاساى هەڵوەشاندنەوەى بڕیارى 55ى ساڵی 1999ى ئەنجوومەنى سەركردایەتیی شۆڕشی هەڵوەشێنراو، پڕۆژەیاساى رێككەوتنامەى بازرگانیی ئەندامانى رێكخراوى كۆنگرەی ئیسلامى، پڕۆژەیاساى رێككەوتننامەى هاریكاریی بازرگانی، هونەرى، ئابووری، نێوان حكوومەتى عێراق و ئازەربێجان.
ئەو ئەندامەى تەباییی بارستە كوردستانییەكان گوتى، هەر لەو دانیشتنەدا خوێندنەوەى دووەم بۆ 3 پڕۆژەیاسا دەكرێ، پڕۆژەیاساى مانەوەى بیانییەكان، پڕۆژەیاساى دەستەى چاودێریی نیشتیمانى بۆ رێگەگرتن لە بڵاوبوونەوەى چەكی كۆمەڵكوژی، پڕۆژەیاساى هەمواركردنى یەكەمی یاساى سزاى سەربازی.
دوێنێ شەموو ئەنجوومەنى نوێنەرانى عێراق لە 11مین دانیشتنى خۆی بەئامادەبوونى 164 ئەندام دوو بڕیارى ئەنجوومەنى سەركردایەتیی شۆڕشی هەڵوەشێنراوى، هەڵوەشاندەوە و خوێندنەوەى یەكەم و دووەمى بۆ 4 پڕۆژەیاسا كرد.
