كوێت روفاتی 32 سه‌ربازی عێراقی له قوربانیانی جه‌نگی كه‌نداو راده‌ستی عێراق كرده‌وه
له‌مباره‌یه‌وه نوێنه‌ری لیژنه‌ی كوێتی بۆ كاروباری دیل و ونبووه‌كان، سه‌ڵاح حه‌مادی له لێدوانێكدا بۆ سۆمه‌ریه نیوز وتی: كوێت دۆسیه‌ی ئاڵوگۆڕكردنی روفاتی سه‌ربازه‌كان له چوارچێوه‌یه‌كی سیاسی ته‌ماشا ناكات به‌ڵكو وه‌كو دۆسیه‌یه‌كی مرۆڤایه‌تی مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵدا ده‌كات هه‌روه‌ها وتیشی: بۆ زانینی چاره‌نووسی ونبووه كوێتییه‌كان له عێراق زه‌حمه‌تی زۆریان بۆ دێته پێش.
له‌لایه‌ن خۆیه‌وه به‌ڕێوه‌به‌ری نووسینگه‌ی وه‌زاره‌تی مافی مرۆڤ له به‌سڕه مه‌هدی ته‌میمی له لێدوانێكیدا بۆ سۆمه‌ریه نیوز رایگه‌یاند، وه‌زاره‌ته‌كه‌یان له رێگه‌ی ده‌روازه‌ی سنووری سه‌فوانه‌وه روفاتی 32 سه‌ربازی عێراقی له حكومه‌تی كوێت وه‌رگرتۆته‌وه كه له جه‌نگی دووه‌می كه‌نداو كوژرابوون و له‌م دواییانه‌دا له ناوچه سنوورییه‌كان، له ناو خاكی كوێت دۆزرانه‌وه.
وتیشی: ته‌رمی هه‌شت له‌و سه‌ربازانه ناسراونه‌ته‌وه و ئه‌وانی دیكه تا ئێستا نه‌ناسراون.
ته‌میمی راشیگه‌یاند، وا بڕیاره روفاتی سه‌ربازه‌كان بگوێزرێنه‌وه بۆ بنكه‌ی پزیشكی دادوه‌ری له به‌غدا بۆ ئه‌وه‌ی پشكنینی شانه‌كان و شیكاری ترشی ناوه‌كی (DNA) یان بۆ بكرێت.
