هه‌ولێر كۆنگره‌یه‌كی ئاماده‌كارى په‌رله‌مانى سێبه‌رى عێراقی له‌خۆده‌گرێت
به‌به‌شدارى نوێنه‌ری رێكخراوه مه‌ده‌نییه‌كانى پارێزگاكانى هه‌ولێر، سلێمانی، دهۆك، موسڵ، كه‌ركووك، ده‌سته‌ى بالاَى كاتى په‌رله‌مانى سێبه‌رى عێراقی له هۆڵی ئه‌نجومه‌نی رێكخراوه ناحكومییه‌كانى كوردستان له هه‌ولێر كۆنگره‌ى ئاماده‌كارى خۆی بۆ پارێزگاكانى هه‌رێمی كوردستان و موسڵ و كه‌ركووك به‌رِێوه‌برد..
له‌ده‌ستپێكی كۆنگره‌كه‌دا عه‌بدولستار عیسمه‌ت رێكخه‌رى ئه‌نجومه‌نی رێكخراوه ناحكومییه‌كانى كوردستان، به‌خێرهاتنی میوانانی شاره‌كانى تر‌ى عێراقی كرد له‌سه‌ر خاكی هه‌رێمی كوردستان و هیوای سه‌ركه‌وتنى بۆ خواستن.
پاشان عائید هیلالی به‌رِێوه‌به‌رى پرۆژه‌كه پووخته‌یه‌كی ده‌رباره‌ى گرنگی هاتنه‌كایه‌ى په‌رله‌مانی سێبه‌ر له عێراقدا خسته‌رِوو بۆ ئه‌وه‌ى په‌رله‌مانتارانی عێراق خزمه‌تى زیاترى گه‌لانی عێراقی بكه‌ن نه‌ك یاسا بۆ به‌رژه‌وه‌ندی خۆیان و وه‌ده‌ستهێنانی زۆرترین ده‌ستكه‌وتی ماددی دابرِێژن..
دواتر گرنگترین چالاكییه‌كانى په‌رله‌مانى سێبه‌رى عێراقی له پارێزگاكانى ناوه‌رِاست و باشووری عێراق خرایه‌رِوو، هه‌روه‌ها گفتوگۆیه‌كی تێروته‌سه‌لیش له‌نێوان به‌شداربووان ئه‌نجامدرا بۆ ده‌وڵه‌مه‌ندكردنی پرۆژه‌كه‌و هه‌موولایه‌نه‌كان داكۆكیان له‌سه‌ر دروستبوونی په‌رله‌مانى سێبه‌ر كرد بۆ چاودێرى و راستكردنه‌وه‌ى كه‌موكورِییه‌كانى په‌رله‌مانى عێراقی تا په‌رله‌مانتاران ناچاربكه‌ن به‌رژه‌وه‌ندی هاوولاَتیانی عێراق بخه‌نه پێش به‌رژه‌وه‌ندییه تایبه‌تییه‌كانی خۆیان، ئه‌مه‌ش له‌رێگه‌ى دانانی پێكهاته‌یه‌كی كارگێرِی بۆ په‌رله‌مانى سێبه‌ر.
شایانی باسه په‌رله‌مانى سێبه‌ر له ژماره‌یه‌ك چالاكوانی كۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی و كه‌سانی بێلایه‌ن پێكهاتووه بۆ چاودێرى كردنی كاروچالاكییه‌كانى ده‌سه‌لاَتی یاسادانان له عێراقی فیدراڵی..
