ئەحرار داوا لە عەلاوى دەكات ئامادەی كۆبوونەوەی بارستە سیاسییەكان بێ
دووشەمی رابردوو بارستە سیاسییەكانى عێراق لە ماڵی سەركۆماری عێراق كۆبوونەوە و تێیدا بڕیار درا كە هەڵمەتی راگەیاندن لە دژی یەكتر رابگرن.
بەها ئەعرەجى سەركردە لە رەوتی سەدر بەئاژانسی كوردستان بۆ دەنگوباس (ئاكانیوز)ى راگەیاند، كۆبوونەوەكانى نێوان بارستە سیاسییەكان بۆ كۆتاهاتنى تەنگژە سیاسییەكانى وڵات هەنگاوێكی سەرەتایییە و پێویستە تا كۆتایی ئەو هەنگاوانە بەردەوام بن.
ئەعرەجی گوتى، خودی كۆبوونەوەكە دەسكەوتێكی نێوان بارستە سیاسییەكان كە ماوەیەكە لە یەكتر دووركەوتوونەتەوە، ئاماژەى كرد كە دەبێ نیازێكی راستگۆیانە لە نێوان لایەنەكاندا هەبێ بۆ چارەسەركردنى كێشە هەڵپەسێردراوەكان.
پتر گوتى، پێویستیمان بەكۆبوونەوەى چرى زیاتر هەیە و سەرنجی دا كە پێویستە خودى سەرۆكى لیستی عێراقییە لەو كۆبوونەوەنەدا ئامادە بێ وەك لایەنێكی ئەو كێشەیە.
ماوەیەكە زمانی مالیكی و عەلاوی بەرامبەر یەكتر تووند بووە بەهۆی تۆمەتباركردنی عەلاوی بۆ مالیكی بە خۆدزینەوە لە رێككەوتنەكەی هەولێر، كە بەهۆیەوە لە تشرینی دووەم/نۆڤێمبەری رابردوودا كۆتای بە تەنگژەی پێكهێنانی حكوومەتی عێراقی هات، لە كاتێكدا مالیكی پێی وایە عەلاوی خاڵی نوێ بۆ رێككەوتنی ناوبراو زیاد بكات.
