دووشەم مالیكی و عەلاوی لە ماڵی تاڵەبانى كۆ ببنەوە

دووشەم مالیكی و عەلاوی لە ماڵی تاڵەبانى كۆ ببنەوە
ئەندامێكى تەباییی بارستە كوردستانییەكان لە ئەنجوومەنى نوێنەرانى عێراق راى گەیاند بەسەرۆكایەتیى جەلال تاڵەبانی سەركۆمارى عێراق، رۆژى دووشەم هەموو لایەنە عێراقییەكان بەتایبەت مالیكی و عەلاوی لە بەغدای پایەتەخت بۆ چارەسەرى كێشەكانى وڵات كۆ دەبنەوە.

خالید شوانى سەرۆكی لێژنەی یاساییی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ئەمڕۆ شەموو بەئاژانسى كوردستان بۆ دەنگوباس (ئاكانیوز)ی راگەیاند \"بەسەرۆكایەتیى مام جەلال سەركۆمارى عێراق بڕیارە رۆژى دووشەم لە بەغداى پایەتەخت لایەنە عێراقییەكان بەتایبەت عەلاوى و مالیكى لە ماڵى تاڵەبانى كۆ ببنەوە بۆ چارەسەركردنى ئەو كێشانەى لە نێوان ئەو دوو لیستە (عێراقییە و دەوڵەتی یاسا) هەیە\"".

شوانی گوتی \""ئەم هەوڵانەى تاڵەبانى بۆ ئەوەیە ئەو كێشانەى لە نێو فراكسیۆنەكانى ناو ئەنجوومەنى نوێنەرانى عێراقدا هەیە بێنە چارەسەركردن، بەتایبەت پرسى وەزارەتە تەناهییەكانى حكوومەتەكەى نوورى مالیكى و ئەنجوومەنى باڵا بۆ سیاسەتە ستراتیجییەكان\"".

وەڵامنەدانەوەی دەوڵەتی یاسا بۆ داواكارییەكانی عێراقییە، بەتایبەتی لەبارەی ئەنجوومەنی نیشتمانی بۆ سیاسەتە ستراتیجییەكان و كاراكردنی دەستپێشخەرییەكەی بارزانی و رێك نەكەوتن لەبارەی ئەو پاڵاوكانەی عێراقییە بۆ پۆستی وەزارەتی بەرگری پێشكێشیان دەكات، دۆخی سیاسیی عێراقی بەرەو ئاڵۆزی بردووە.

لە تشرینی دووەم/نۆڤێمبەری رابردوو سەرانی بارستە سیاسییەكانی عێراق لەسەر دەستپێشخەرییەكەی مەسعوود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان رێك كەوتن كە چارەسەری بۆ تەنگژەی پێكهێنانی حكوومەتی نوێی عێراق دانا، بەپێكهێنانی حكوومەتێكی یەكەتیی نیشتمانی بەسەرۆكایەتیی نووری مالیكی لە بەرامبەر پێكهێنانی ئەنجوومەنی نیشتمانی بۆ سیاسەتە ستراتیجییەكان بەسەرۆكایەتیی ئەیاد عەلاوی، بەڵام ئەوەی دووەم تا ئێستە نەهاتووەتە دی."
Top