ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە دانیشتنی سبەیدا دەنگ لەسەر 6 پڕۆژەیاسا دەدا
پێش نیوەڕۆی ئەمڕۆ ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دانیشتنی چوارەمی وەرزی یاسادانانی دووەمی خۆی بەئامادەبوونی 200 پەرلەمانتار لە كۆی 325 پەرلەمانتار ساز كرد بەمەبەستی تاوتوێكردنی كارنامەكەی كە چوار بڕگەی لەخۆ گرتبوو.
زیاد زەرب ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەران لەسەر لیستی عێراقییە بەئاژانسی كوردستان بۆ دەنگوباس (ئاكانیوز)ی راگەیاند، دوای كۆتاهاتنی كارنامەی ئەمڕۆ كە برێتی بوو لە خوێندنەوەی یەكەم بۆ پڕۆژەیاسایەك و خوێندنەوەی دووەمی بۆ سێ پڕۆژەیاسای تر، سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەران دانیشتنەكەی بەكۆتا هێنا.
لە دانیشتنی ئەمڕۆدا خوێندنەوەی یەكەم بۆ پڕۆژەیاسای گوندە هاوچەرخە كشتوكاڵییەكان، خوێندنەوەی دووەم بۆ پڕۆژەیاسای پەسندكردنی رێككەوتننامەی نێودەوڵەتیی دامەزراندنی رێكخراوی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی نوێ لەلایەن عێراقەوە، خوێندنەوەی دووەم بۆ پڕۆژەیاسای هەڵوەشاندنەوەی دوو بڕیاری ئەنجوومەنی هەڵوەشاوەی سەركردایەتیی شۆڕش، خوێندنەوەی دووەم بۆ پڕۆژەیاسای هەمواركردنی یاسای چاودێریی ناكام كرا.
زەرب روونی كردەوە، سەرۆكایەتیی ئەنجوومەنی نوێنەران بڕیاری دا لە دانیشتنی سبەی یەكشەم دەنگ لەسەر شەش پڕۆژەیاسا بدرێت، كە برێتین لە: دەنگدان لەسەر پاڵاوتنی دادوەرانی دەستەی پێداچوونەوەی تایبەت بە سەیركردنی ئەو تانانەی كە لە بڕیارەكانی دەستەی لێپرسینەوە و دادوەری دەدرێن، دەنگدان لەسەر پڕۆژەیاسای پەسندنكردنی دوو نامەی نێوان عێراق و ژاپۆن لەبارەی قەرزەكانی ژاپۆنەوە، دەنگدان لەسەر پڕۆژەیاسای تازەكردنەوەی پێكهاتە كارگێڕییەكان.
\"سێ پڕۆژەیاساكەی تر برێتین لە: دەنگدان لەسەر پڕۆژەیاسای دەستەی بۆچوون لە وەزارەتەكانی حكوومەت، دەنگدان لەسەر پڕۆژەیاسای ئەنجوومەنی باڵای دادوەری، دەنگدان لەسەر پڕۆژەیاسای دادگەی فیدراڵ\"" زەرب وای گوت.
هەوڵدانی ئەنجوومەنی نوێنەران بۆ دەنگدان لەسەر چەند پڕۆژەیاسایەك لە كاتێكدایە كە ئەنجوومەنی وەزیران پێشتر رەخنەی ئاراستە كردبوو بەهۆی دواكەوتنی لە یەكلاكردنەوەی چەند یاسایەكی گرینگی پێوەست بە كاری وەزارەتەكان."
