باڵوێزخانەى ئەمەریكا لە بەغدا رەخنە لە حكوومەتى عێراق دەگرێ

باڵوێزخانەى ئەمەریكا لە بەغدا رەخنە لە حكوومەتى عێراق دەگرێ
گۆتیارى باڵوێزخانەى ئەمەریكا لە عێراق رێگەنەدانى دەسەڵاتدارانى عێراقى بە سەردانى شاندێكى كۆنگرێسى ئەمەریكا بۆ ئۆردوگاى موجاهیدینى خەلقى بەرهەڵستكارى ئێرانى لە كەمپى ئەشرەف، بە \"كارێكى دوور لە نەریتى دیبلۆماسى\"" لەقەڵەم دا و راى گەیاند لەو بارەوە كۆشكى سپى وەڵامى عێراق دەداتەوە. ئاژانسى \""فارسنیوز\""ى نیوچەرەسمیى ئێرانى بڵاوى كردەوە.

دەیڤید رانز ئەمڕۆ یەكشەم لە بەغدا بە پەیامنێرى \""فارسنیوز\""ى راگەیاند رێگەنەدانى حكوومەتى عێراق بە دەستەیەك لە نوێنەرانى كۆنگرێسى ئەمەریكا بۆ سەردانى بارەگاى موجاهیدینى خەلق، كارێكى دوور لە نەریتى دیبلۆماسى بوو.

هەروەها گوتى كۆشكى سپى چاوەڕوانى ئەو جۆرە مامەڵەیەى لەگەڵ بەرپرسە پایەبڵندەكانى كۆنگریس نەدەكرد، ئەو هەڵوێستە بەشێوەیەك سووكایەتییە بە ئەمەریكا لە عێراق كە ئەمڕۆ كۆشكى سپى لە كۆنگرەیەكى رۆژنامەوانیدا بە رەسمى وەڵامى عێراق دەداتەوە.

دوێنێ دەسەڵاتدارانى عێراق رێگرییان كرد لە سەردانى شاندێكى كۆنگرێس، كە بەمەبەستى قسەكردن لەبارەى چارەنووسى ئەندامانى رێكخراوى موجاهیدینى خەلق سەردانى بەغدایان كردبوو، سەردانى كەمپى ئەشرەف بكەن.

كەمپى ئەشرەف سەربازگەیەكى تایبەت بەئەندامانى رێكخراوى موجاهیدینى خەلقى بەرهەڵستكارى ئێرانە كە نێزیكەى 3500 كەسى سەر بەو رێكخراوەى تێدایە، دەكەوێتە باشوورى پارێزگاى دیالە/66 كم باكور رۆهەڵاتى بەغدا/ و لە سەردەمى رێژیمى پێشووى عێراقدا دامەزراوە.

رێكخراوى موجاهیدینى خەڵق رێكخراوێكى بەرهەڵستكاری ئێرانییە كە مەریەم رەزجەوى سەرۆكایەتى دەكات. نێزیكەى 30 ساڵە شەڕى چەكدارى لە دژى رێژیمى \""كۆمارى ئیسلامیى ئێران\"" دەست پێ كردووە.

دواى رووخانى رێژمى سەدام حوسێن لە نیسان/ئەپرێلى 2003دا هێزە ئەمەریكایییەكان سەبازگەكەیان لە چەك داماڵیوە و هەر خۆیشیان پارێزگارییان لێ دەكرد تا 30 حوزەیران/یۆلیۆى 2009، كە تێیدا بەپێى رێكەوتنامەى ئەمنیى نێوان عێراق و ئەمەریكا هێزە ئەمەریكایییەكان لە شارەكان كشانەوە، بەرپرسیاریەتیى كەمپەكەیش بەسوپاى عێراق سپێردرا.

نوورى مالیكیى سەرۆك وەزیرانى عێراق لە دیمانەیەكیدا لەگەڵ رۆژنامەى \""لۆمۆند\""ى فرەنسایى، راى گەیاند موجاهیدینى خەلق یارمەتى رێژیمى لێخراوى عێراقیان داوە لە سەركوتكردنى كورد و شیعەكاندا. هەر بۆیە ناوبەناو هێزە ئەمنییەكانى عێراق هەڵدەكوتنە سەر ئەو سەربازگەیە و بەو هۆیەشەوە دەیان كەس لە دانیشتوانى سەربازگەكە بریندار بوون، خوێناویترینیان لە 8 نیسان/ئەپرێلى رابردوودا (2011) بوو، كە تێیدا 35 كەس لە ئەندامانى كەمپەكە كوژران و سەدانى تریش بریندار بوون.

ئەم رێكخراوە لە 2001دا خرایە لیستی تیرۆری ئەمەریكا و ئەوروپاوە.

لە كانوونی دووەم/یەنایەری 2009 دا یەكەتیی ئەوروپا ناوی موجاهیدینی لە لیستی رەشی رێكخراوە تیرۆریستییەكاندا لادا."
Top