حه‌وت گروپی چه‌كدار له‌ عێراق گه‌رِانه‌وه‌ بۆناو پرۆسه‌ى سیاسی

حه‌وت گروپی چه‌كدار له‌ عێراق گه‌رِانه‌وه‌ بۆناو پرۆسه‌ى سیاسی
گوڵان/س.م

ژماره‌یه‌ك له‌ گروپی چه‌كدار له‌ عێراق ده‌ستبه‌رداربونى خۆیان له‌ كارى چه‌كدارى رِاگه‌یاند و برِیاریان دا ده‌ست به‌كارى سیاسی بكه‌ن.

\"عامر خوزاعی\"" وه‌زیرى ده‌وڵه‌تى عێراق بۆ ئاشته‌وایی نیشتیمانى رِایگه‌یاند: چه‌ند گروپێكی چه‌كدارى كه‌ ژماره‌یان حه‌وت گروپ ده‌بێت برِیاریان داوه‌ ده‌ستبه‌ردارى كارى چه‌كدارى ببن و به‌شدارى پرۆسه‌ى سیاسی عێراق بكه‌ن.

خوزاعى وتیشی: ئه‌و حه‌وت گروپه‌ى ده‌ستبه‌ردارى كارى چه‌كدارى بون له‌ هه‌ریه‌ك له‌ گروپه‌كانى (ته‌ریقه‌ى نه‌قشبه‌ندى و هێزى فاتحین و مورابیتین و شۆرِشی 20 و حه‌ماسی عێراق و هێزى موجاهیدین و رِاشدین) پێكدێن.

وه‌زیرى ده‌وڵه‌ت بۆ ئاشته‌وایی نیشتیمانى عێراق ئاماژه‌ى به‌وه‌دا پرۆسه‌ى ئاشته‌وایی نیشتیمانى مه‌به‌ستى گێراندنه‌وه‌ى ئاشتى و ئارامییه‌ بۆ عێراق و دانوستان له‌گه‌ڵ سه‌رجه‌م ئه‌و گروپانه‌دا ده‌دات كه‌ ده‌ستیان به‌ خوێنى هاوڵاتیان سور نه‌بێت و ده‌ستور قه‌ده‌غه‌ى نه‌كردبێت.

عامر خوزاعى وتیشی: حكومه‌تى عێراق له‌و گروپانه‌ خۆش ده‌بێت و لێپێچینه‌وه‌یان له‌گه‌ڵدا ناكات به‌و مه‌رجه‌ى له‌لایه‌ن هاوڵاتیانى عێراقه‌وه‌ سكاڵایان له‌سه‌ر تۆمارنه‌كرابێت و له‌ دادگاكانى عێراقه‌وه‌ داوانه‌كرابن."
Top