عارف تەیفوور: هیچ بەرنامەیەك بۆ دیداری بارزانی و عەلاوی و مالیكی نییە
عارف تەیفوور دووەم جێگری سەرۆكی پەرلەمانی عێراق ئەمڕۆ سێشەم بەئاژانسی كوردستان بۆ دەنگوباس (ئاكانیوز)ی راگەیاند، لە چەند كۆبوونەوەى ئێستەى بەغدا كە بەسەرپەرشتیی رۆژ نووری شاوێس جێگری سەرۆك وەزیران عێراق بەڕێوە دەچن، پێشكەوتن لە هەڵوێستی لایەنەكانی تەباییی عێراقییە و هاوپەیمانیی نیشتمانی هاتووەتە ئاراوە بۆ چارەسەركردنی تەنگژەی یەكلابوونەوەی پۆستە وەزارەتە تەناهییەكان.
روونی كردەوە، یەكێك لە پێشكەوتنەكانی تر ئەوەیە بۆ یەكەمجار رەوتی سەدر بڕیاری داوە بەشداری لە كۆبوونەوەكانی داهاتووی نێوان تەباییی نیشتمانی و عێراقییە بكا، هەروەها لە رۆژانی داهاتوودا كۆبوونەوە هاوبەشەكانی نێوان لایەنەكان بەردەوام دەبێ.
لەبارەی سەردانی سەرۆكی هەرێم بۆ بەغدا و ئەنجامدانی كۆبوونەوەی هاوبەشی نێوان سەركردەكان، تەیفور گوتی، تا ئێستە هیچ بەرنامەیەك دەستنیشان نەكراوە بۆ سەردانی مەسعوود بارزانی سەرۆكی هەرێم بۆ بەغدا، هاوكات هیچ بەرنامەیەكیش نییە بۆ سەردانی مالیكی و عەلاوی بۆ هەولێر و ئەنجامدانی كۆبوونەوەی هاوبەشی هەرسێ سەركردە.
زیاتر گوتی، سەرۆكی هەرێم وەك خۆی نیازی سەردانی بەغدای نییە لە ئێستەدا، چونكە هەموو لایەك لە چاوەڕوانی كۆبوونەوە هاوبەشەكانی نێوان هاوپەیمانیی نیشتمانی و عێراقییەن بەسەرپەرشتیی جێگری سەرۆك وەزیرانی عێراق.
ئاماژەی كرد، بۆ یەكلاكردنەوەی پاڵاوكی عێراقییە بۆ پۆستی وەزارەتی بەرگریی عێراقیش، تەباییی عێراقییە ناوی 2 پاڵاوكی نوێی پێشكێش بە مالیكی كردووە تا یەكێكیان پەسند بكا، چاوەڕوانیش دەكرێ لە رۆژانی داهاتوودا مالیكی بۆ پەسندكردن، ناوی یەكێك لەو 2 پاڵاوكە پێشكێشی سەرۆكایەتیی پەرلەمانی عێراق بكا.
لای خۆیەوە رۆژ نووری شاوێس جێگری سەرۆك وەزیرانی عێراق پێشتر بۆ (ئاكانیوز)ی گوتی، ئێستە لە چوارچێوەی دەستپێشخەرییە نوێیەكەی سەرۆكی هەرێم گفتوگۆی نێوان تەباییی عێراقیە و نیشتمانی بەسەرپەرشتی ئەو لە بەغدا بەردەوامە.
تا ئێستە لەسەر پۆستەكانی وەزارەتی بەرگری، ناوەخۆ و بەڕێوەبەری دەزگای هەواڵگریی عێراق رێككەوتنێكی سیاسیی هەمەلایەنەی گشتگیر لە نێوان لایەنە عێراقییەكاندا نەهاتووەتە ئاراوە.
