هیچ هێزێكی عەرەبی نابێتە جێگرەوەی هێزەكانی ئەمەریكا
فوئاد دۆركی رایگەیاند، حكوومەتى عێراق پاش ساڵی 2011 مانەوەى هەر هێزێكی بیانى و عەرەبی لە وڵاتدا رەت دەكاتەوە، داواى جێبەجێكردنى رێككەوتنامەى نێوان بەغدا و ئەمەریكا و چوونەدەرەوەى ئەو هێزانە لە عێراق دەكات.
پتر گوتى، هێزەكانى عێراق لە وەزارەتى بەرگری، ناوەخۆ و ئاسایشی نیشتمانى تواناى پاراستنی تەناهیی وڵاتیان بۆ پاش ساڵی 2011 هەیە و بەڵگەش بۆ ئەمە مامەڵەى رژدی ئەو هێزانە بووە لەكاتى بۆنە ئاینی و نیشتمانییەكانەوە.
دوێنی هەندێك لایەنی سیاسی داوایان كرد هێزگەلی عەرەبی جێی هێزەكانى ئەمەریكا لە عێراق بگرێتەوە، بەبیانووى ئەوەى كە هێزەكانى ئەو وڵاتە تواناى پاراستنی دۆخى وڵاتیان نییە.
عەلی دین هیلال ئەمینداریی لێژنەى حزبی نیشتمانیی میسری راى گەیاند، میسر تاوتوێی پێشنیازێكی ئەمەریكایی دەكات بۆ جێگیركردنى هێزگەلی عەرەبی لە جێگەى هێزەكانى ئەمەریكا.
هیلال گوتی، میسر تاوتوێی ئەو پێشنیازە دەكات كە هاوپەیمانیەتییەك لە سعوودیە، توركیا و میسر دروست بكرێ بۆ سەپاندنى تەناهیی لە ناوچەكە و جێگیركردنیان لە عێراق لە بری هێزەكانى ئەمەریكا.
بەپێی رێككەوتنامەى تەناهیی نێوان عێراق و ئەمەریكا بڕیارە لە 31ى كانوونى یەكەم/دێسێمبەرى 2011 دوا سەربازیی ئەمەریكایی عێراق بەجێ بێڵێ.
-ئاكانیوز
